'خوێنی ئەرمەنی' لە پێشانگەی کتێب لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە

02-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تازەترین رۆمانی نووسەر سوارە نەجمەدین بە ناونیشانی "خوێنی ئەرمەنی" لە چوارچێوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە.
 
رۆمانەکە گێڕانەوەیەکی پڕ لە ژان و خوێناوییە کە رووداوەکانی لە چەند شوێن و سەردەمێکی جیاوازدا روودەدەن؛ لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیاوە بۆ شارۆچکەی عەربەت لە کوردستان، لە کەنارەکانی رووباری ئاراسەوە تاوەکو دەگاتە کوێستانەکانی کوردستان.
 
هەروەها بەشێک لە رووداوەکان پەیوەستن بە شاری موسڵ لە سەردەمی داعش و تارانی پایتەختی ئێرانەوە. چیرۆکەکە تیشک دەخاتە سەر تێماکانی مەرگ، تووندوتیژی و هەڵاوهەنگامەی سزای سێدارە.
 
رۆمانی "خوێنی ئەرمەنی" لەگەڵ دەستپێکردنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە. بڕیارە پێشانگەکە لە رۆژی 9ی نیسانەوە تاوەکو 19ی نیسانی 2025 لە هۆڵی پێشانگەکان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام بێت. خوێنەران و هۆگرانی ئەدەبیات دەتوانن لەوێ ئەو بەرهەمە نوێیەی سوارە نەجمەدین بەدەستبهێنن.
 
سوارە نەجمەدین نووسەرێکی دیاری بواری ئەدەبیاتی کوردییە و خاوەنی چەندین بەرهەمی دیکەیە، لەوانە رۆمانەکانی "سوپاس بۆ دۆستۆیڤسکی"، "هۆتێل جان لە کوچەی خان"، "ئەو نامانەی بۆ پیرێتیی خۆم دەیاننێرم"، هەروەها کۆمەڵەچیرۆکەکانی "تانوپۆ" و "نامەیەک بۆ فرۆید".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە