بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرەکەی چیای زۆزک کۆنترۆڵکرا

24-08-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ لە سووتانی پووش و پاوان لە چیای زۆزکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا 15 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی پووش و پاوان لە سنووری ئیدارەکە تۆمارکراون. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 24-08-2024، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای 3 رۆژ لە هەوڵدانی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی چیای زۆزک کۆنترۆڵکرا.
 
کاروان میراودەلی گوتی: ''نزیکەی 63 کاژێر کارمان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە و زیاتر لە 150 کارمەند لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی بەشداربوون.''
 
ئاگرەکە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 21ـی ئاب لە چیای زۆزک کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: ''کاژێر 11:25 خولەکی شەوی رابردوو ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 08:00 بە چڕی چاودێریی چیای زۆزکمان کرد بۆ ئەوەی لە کۆتاییهاتنی ئاگرەکە دڵنیابینەوە.''
 
هاوکات، رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، لە ئاگرەکەی چیای زۆزکدا نزیکەی هەزار دۆنم زەوی و پووش و پاوان سووتاوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش رەوەند هاودیانی گوتی، ''بەهۆی ئەوەی 3 رۆژ بەردەوام بوو، گومانمان لە سەرچاوەکەی هەیە، بەڵام ناتوانین کەس تۆمەتبار بکەین و هیچ کەسێکیش پەیوەست بە دۆسیەکەوە دەستگیرنەکراوە.''
 
چیای زۆزک بەسه‌ر شارى سۆران لە پارێزگای هەولێر دەڕوانێت و ژمارەیەک گوند دەکەونە دامێنی.
 
بەپێی راپۆرتێکی بەرگریی شارەستانیی سۆران کە هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا خرایەڕوو، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 100 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە زەویوزار و پووش و پاوانی سنوورەکەدا کەوتوونەتەوە کە 15ـیان لە یەک هەفتەی رابردوودا بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حاجی مەحموود.

محەممەد حاجی مەحموود: پزیشکیان خۆی دکتۆرە و خەڵک چاک دەکاتەوە، خەڵک ناکوژێت

سپێدەی ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەک لە جێگرەکانی و کۆمەڵێک وەزیر پێشوازی لێکرا.