رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 20 ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپای کۆریای باشوور بۆ هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "[کۆریای باشوور] دۆستی دڵسۆز و زۆرباشی ئێمە بوون و ستایش و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو هاوکاری یارمەتییان."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 12ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی یادی 20 ساڵەی هاتنی "تیمی زەیتوون"ـی سوپا كۆریای باشوور بۆ هەرێمی كوردستان كرد، كە لەلایەن کۆنسووڵخانەی كۆرياى باشوور له هه‌رێمى كوردستان رێكخرابوو.
لە رێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و دیپلۆماتکار و کەسایەتی تێیدا بەشداربوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدوای پەیوەندی 20 ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور "ئێستاش دۆستایەتییەکی پتەو لەنێوان هەردوولامان هەیە و بەردەوامە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: "هاتنی تیمی زەیتوون [لە ساڵی 2004 بۆ هەرێمی کوردستان] سەرەتای کردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی کۆریا بوو لە هەرێمی کوردستان کە لە نووسینگەی دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی کۆریا لە ساڵی 2016 بۆ ئاستی کۆنسووڵخانە بەرزکردەوە."
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
میوانانی خۆشەویست.
ئێواره‌تان باش.
ئانيۆ هاسێيۆ..
هه‌موو لايه‌كتان به خێربێن بۆ رێوڕه‌سمى يادى 20 ساڵه‌ى هاتنى تيمى زه‌يتوونى سوپاى كۆرياى باشوور بۆ هه‌رێمى كوردستان و ده‌سپێكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر لەگەڵ كۆریا. به‌خێرهاتنێكى تايبه‌تى به‌ڕێز (چۆى سونگ سو‌و) باڵيۆزى كۆرياى باشوور له عێراق ده‌كه‌م. ئه‌م ياده و په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆريا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بۆ ئێمه زۆر گرنگ و مايه‌ى بايه‌خێكى زۆرن.
په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆرياى باشوور و عێراق بۆ كۆتاييى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام بيست ساڵ به‌رله ئێستا، هيچ په‌يوه‌ندييه‌ك له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆرياى باشووردا نه‌بوو. هه‌ردوولا به يه‌كتر نامۆ بوون. كاتێك ئهيلوولى 2004 يه‌كه‌م تيمى سه‌ربازيى كۆرياى باشوور به ناوى تيمى زه‌يتوون بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان هاتن له هه‌ولێر جێ‌گير بوون، ئه‌وه بووه يه‌كه‌م هه‌نگاو و سه‌ره‌تاى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا.
ئه‌مه له كاتێكدابوو كه هێزه‌كانى كۆرياى باشوور، دواى پرۆسه‌ى رزگاريى عێراق، بوونه‌تە به‌شێكى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ يارمهتيدان له پرۆسه‌ى بنياتنانه‌وه‌ى عێراق. ئه‌ركى كۆرياى باشوور له عێراق به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، به ته‌نيا ئه‌ركى سه‌ربازى يان ئابوورى نه‌بوو، ئه‌وه ئه‌ركێكى مرۆيى و ئاشتييانه بوو كه له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزێكى قووڵ بۆ يارمه‌تی و هاوكارى بنيات نرابوو.
ئه‌و كات ئه‌وان وه‌ك دۆست و به ناوى زه‌يتوون كه ماناى ئاشتى و ئاوه‌دانى و درێژكردنى ده‌ستى هاوكارى ده‌گه‌یێنێت، هاتنه هه‌رێمى كوردستان. ئێستاش خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و دهستهواژهيان لهبيره كه له‌سه‌ر ئه‌و پاسانه‌ى به ديارى هێنابوويان بۆ هه‌رێمى كوردستان نووسرابوو: ئێمه دۆستى ئێوه‌ين. ئه‌وان به هاتنيان بۆ ئێره، گه‌ل و كولتوورێكى نوێى رۆژهه‌ڵاتى ناوهڕاستيان ناسى، گه‌لى كوردستانيش به چه‌ندين لايه‌نى ناوازه‌ى كۆرياى باشوور، ئاشنا بوو.
تيمى زه‌يتوون، ڕاسته سه‌ربازى بوو، به‌ڵام ئه‌ركى هاوكاريی مرۆيى و پشتيوانی پێشكه‌ش به هاووڵاتييانى كوردستان دەكرد. هه‌ر ئه‌وە سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رايه‌تيى ديپلۆماسيى كۆریا بوو له هه‌رێمى كوردستان كه له نووسينگهى ديپلۆماسيى باڵيۆزخانه‌ى كۆرياوه، ساڵى 2016 بۆ ئاستى كونسوڵخانه، به‌رز بووه‌وه.
نه‌خۆشخانه‌ى زه‌يتوون، ڕاسته سه‌ربازى بوو، به‌ڵام ده‌رگاى به‌ڕووى هاووڵاتيياندا كرده‌وه و چاره‌سه‌رى پزيشكييان پێشكه‌ش كرد. له پاركى شه‌هيد سامى عه‌بدولره‌حمان پهرتووكخانهیەكیان كرده‌وه، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكوومه‌تدا هاوكارييان كرد. سه‌ربازانى ئه‌ندامى ئه‌و تيمه، په‌يوه‌نديى دۆستانهيان له‌گه‌ڵ هاووڵاتيياندا دروست كرد و كولتوور و دابونهريتى كۆرييان به خه‌ڵكى كوردستان ناساند. واى لێهات چه‌ندين چيرۆك و زنجيره دراماى كۆرى، له‌ناو بينه‌رانى كوردستاندا زۆر ناسراو و ناودار بوون.
ئاژانسى كۆيكا خزمه‌تێكى زۆرى كرد و هێشتا له خزمه‌ت و ئه‌ركه‌كانى له هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامه. ڕۆڵى به‌رچاوى گێڕا له بنياتنانەوەی زیاتر لە (60) قوتابخانه، (15) سه‌نته‌رى پزيشكى، نه‌خۆشخانه و په‌رتووكخانه‌ى زه‌يتوون، يارمهتيدان له دامه‌زراندنى ئەنستیتیۆی كوردستان بۆ كارگێڕيى گشتى و دامه‌زراندن و كاراكردنى سيستمى كڕينى ئه‌لیکترۆنى. هه‌موو ئه‌مانه و چه‌ندى ديكه، كار و خزمه‌تى ديارى كۆريا بوون له هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌و سهرهتايه ده‌سپێكردنى په‌يوه‌ندييه‌ك بوو كه خۆشبه‌ختانه تائێستا زۆر دۆستانه و دواى بيست ساڵ، ئه‌مڕۆ ڕۆڵ و كاريگه‌رى و ئاماده‌يى و جێپه‌نجه‌ى دۆستانى كۆريامان له زۆر بوارى جيادا لە هه‌رێمى كوردستان، به ڕوونى دياره. دۆستى دڵسۆز و زۆر باشى ئێمه بوون و ستايش و پێزانينمان هەیە بۆ هه‌موو هاوكارى و يارمه‌تييان.
بۆ خۆم ياده‌وه‌ريى خۆش و زيندووم هه‌يه له‌گه‌ڵ يه‌كه‌م سه‌ردانم بۆ كۆريا. ئه‌و گه‌رموگوڕى و دۆستايهتييهمان له‌بير ناچێته‌وه كه له كاتى گهيشتمان بۆ سيئۆل له فڕۆكه‌خانه به كوردييهكى زۆر جوان و پاراو پێشوازييان لێ كردين. ئێستاش كه يادى بيست ساڵه‌ى ئه‌و سهرهتايه گرنگه دهكهينهوه، كۆرياى باشوور و گه‌ل و كولتوور و كاريگه‌رييه‌كه‌ى به ته‌واوەتى، لاى گه‌لى كوردستان ئاشنايه.
به‌و كار و خزمه‌ته زۆره‌ى كۆرياى باشوور، تيمى زه‌يتوون، ئاژانسى كۆيكا و كۆمپانيا و هاوبه‌شه كۆرييهكانمان لێره پێشكه‌شيان كردووه و ده‌يكه‌ن، ئێستاش دۆستايهتييهكى پته‌و له‌نێوان هه‌ردوولاماندا هه‌يه و بەردەوامە.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به‌و په‌يوه‌ندييانه زۆر خۆشحاڵ و شانازييان پێوه ده‌كه‌ين. خوازيارين، چاومان لهوهيه و ئاماده‌ين بۆ زياتر فراوانكردن و بره‌ودان به هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانمان له هه‌موو بواره‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش.
به‌ڕێزان..
چيرۆكى ناوازه‌ى سه‌ركه‌وتنى كۆرياى باشوور، بۆ هه‌موو جيهان زۆر سه‌رنجڕاكێش و ئيلهامبهخشه. هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌توانن وانه و په‌ندى زۆر به‌سوودى لێ وه‌ربگرن. كۆريا به ده‌ست لێكه‌وته‌كانى دواى جه‌نگه‌وه له وێرانكارى و ئابوورييهكى لاوازەوە ده‌يناڵاند، به‌ڵام به هاوكارى و يارمه‌تيى نێوده‌وڵه‌تى، قورسايى و فۆكه‌سى خسته سه‌ر بنياتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و ژێرخان و دامه‌زراوه بنهڕهتييهكان.
له ئه‌نجامى پلانى ستراتيژى و ده‌سپێشخه‌رى و داهێناندا، كۆريا له وێرانه و له دۆخێكى سه‌خت و دواكه‌وتوو، بوو به چواردهههمين گه‌وره‌ترين ئابووريى جيهان. بووه يه‌كێك له توانا هه‌ره به‌هێزه‌كانى ته‌كنه‌لۆژيا. مۆرى خۆى خسته سه‌ر پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیا و زانست له‌سه‌ر ئاستى جيهاندا.
ساڵى 1971، دواى جه‌نگ يه‌كێك له كاره هه‌ره ژير و دروسته‌كانى كۆرياى باشوور، دامه‌زراندنى (په‌يمانگه‌ى په‌ره‌پێدانى كۆريا) بوو. ئه‌و په‌يمانگه‌يه سه‌ركه‌وتووانه سياسه‌ت و ستراتيژى هه‌ستانه‌وه و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ئابوورى و بنياتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى كۆرى داڕشت.
چه‌ند ساڵێك دواتر ئه‌نجام و كاريگه‌ريى گه‌وره‌ى كارى ئه‌و په‌يمانگه‌يه به ڕوونى به‌سه‌ر پێشكه‌وتن و گه‌وره‌بوونى ئابووريى كۆرياوه ده‌ركه‌وت. ئێمه ده‌كرێ لێره به‌پێى دۆخ و زه‌مينه و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان ئه‌زموونه‌كه‌ى ئه‌وان دووباره بكه‌ينه‌وه.
وه‌فا و دڵسۆزى و وابهستهيى و گرێدانی هاووڵاتيى كۆرى به وڵاتەكەیان و بە خاك و بە نيشتمان و بە گهلهكهيهوه، بڕوا و متمانه و هيواى به داهاتوويهكى باشتر، كار و كۆڵنه‌دان و خۆماندووكردن و قوربانيدانى كۆرييه‌كان، هۆكارى ديكه‌ى سه‌ره‌كيى سهوكهتنى وڵاته‌كه‌يان بوو. هه‌موو ئه‌مه‌ش له په‌روه‌رده و فێركردن و پێگه‌ياندنى دروسته‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبوو.
به‌گشتى ئه‌زموون و چيرۆكى كۆريا به ئێمه و هه‌موو مرۆڤايه‌تى ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئيراده و خواستى پێشكه‌وتن و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر مرۆڤ و په‌ره‌پێدان به تواناكان هه‌بێت، هه‌ميشه ده‌رفه‌ت هه‌يه كە هيچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌يه‌ك له دواوه نه‌مێنێته‌وه و هه‌ميشه ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و گه‌يشتن به ئامانجه باڵاكان له‌به‌رده‌م گه‌لاندا كراوه‌يه.
له‌م ياده‌دا جه‌خت له هاوبهشييهكانمان له‌گه‌ڵ كۆريادا دهكهينهوه. هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌بارى وه‌به‌رهێنان و سهرمايهگوزارييه و ده‌رفه‌تى باشى بۆ كه‌رتى تايبه‌تى كۆرى له هه‌موو كه‌رته‌كاندا هه‌يه.
ئه‌وان ده‌توانن هێشتا كاراتر له په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان، له هاوكاريى بواره‌كانى زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، كولتوورى و زۆر بوارى ديكه‌دا، هاوبه‌ش و به‌شدار بن. ئاسۆى په‌يوه‌ندييه‌كانمان به سوودى هه‌ردوولا، ده‌كرێ زۆر فراونتر و گشتگير بێت و به‌رده‌وامی بەو كارانە بدەین.
له كۆتاييدا، دواى بيست ساڵ، ده‌مه‌وێ لێره، له هه‌ولێره‌وه، سوپاس و ستايش و پێزانينى خۆم و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يه‌ك به يه‌كى ئه‌ندامانى تيمى زه‌يتوون دووپات بكه‌مه‌وه. سڵاو و ڕێزيان بۆ ده‌نێرم لە هەولێرەوە، به‌تايبه‌تى دەمەوێ لێرە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی بۆ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ هوانگ، يه‌كه‌م فه‌رمانده‌ى تيمه‌كه، بۆ ئه‌فسه‌رانى به‌ڕێز پارك، كيم، لين و هه‌موو ئه‌وانى ديكه. پێيان ده‌ڵێم: به ناسينیان زۆر خۆشحاڵ بووين، بيریان ده‌كه‌ين و ئێستا له هه‌ر كوێ بن، هيواى ته‌مه‌ندرێژى، شادى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێز كونسوڵى كۆرياى باشوور له هه‌رێمى كوردستان و تيمى كونسوڵخانه بۆ سازدانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه و دووباره به‌خێرهاتنى هه‌موو لايه‌كتان ده‌كه‌م.
ئێواره‌يه‌كى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم. لە كۆریاش فێری ئەو وشەیە بووم كە دەچووم دەیانگوت: كامساهامنيدا..
زۆر سوپاس..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ