رووداو دیجیتاڵ
یەرەکە کە باڵی چەکداریی پژاکە رایدەگەیێنێت، لە هێرشێکی درۆنیی تورکیادا بۆسەر چیای ئاسۆس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوو ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان -یەرک کە باڵی چەکداریی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان -پژاکە، رۆژی سێشەممە 23ـی ئابی 2022، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، "هێرشەکە لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە ئەنجامدراوە."
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، درۆنێکی تورکیا چیای ئاسۆسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، بەڵام ئەو کاتە هیچ راگەیێندراوێک لەبارەی هێرشە درۆنییەکەوە بڵاونەکرایەوە.
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە هەمان رۆژی بۆردوومانەکەدا بە رووداوی گوتبوو، بۆردوومانەکە لە نزیک گوندی قامیش بووە، باسی لەوەش کردبوو کە زۆر جار سنوورەکەیان بۆردوومان دەکرێت، بۆیە ئەوان و خەڵکی سنوورەکەش لەو دۆخە نیگەرانن.
یەرک هەروەها لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، بەیانیی رۆژی 22ـی ئەم مانگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ئاسمانی ناوچەکە گەڕاوە و پشکنینی ئەنجامداوە و "لە نیوەڕۆدا کاتێک یەکینەکانی ئێمە لە ئەرکی خۆیاندا بوون، بەر بۆردوومانی ئەو درۆنە کەوتوون" و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا یەرک هیچ زانیاریی و وردەکارییەکی لەبارەی ناسنامەی ئەندامەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت، لە کاتێکی نزیکدا زانیاریی و ناسنامەکانیان ئاشکرا دەکات.
لە حوزەیرانی ئەمساڵیشدا درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە سنووری شارباژێڕ کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەیش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی شارباژێڕ بڵاونەکردووەتە، بەڵام لە دوایین راگەیێندراویاندا کە 22ـی ئەم مانگە بڵاویان کردەوە، دەڵێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ کە لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤا شین لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت، لە هێرشێکدا شەش گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ