حکومەت لە 20٪ـی قەرزی بچووک خۆشدەبێت

25-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 20٪ی ئەو قەرزانەی سوودمەندان لە پڕۆژەی قەرزی بچووک وەریانگرتووە خۆش بێت. بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، بە سەدان کەس لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن.
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی لە سوودمەندانی قەرزی بچووک بەڕێژەی 20٪ لە قەرزە نەگەڕاوەکانی دەرکرد.
 
وەزارەتەکە نووسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەی تێدایە:
 
1- لێخۆشبوون لە رێژەی 20٪ لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پێدانی قەرزی بچووک.
 
2- راسپاردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی قەرزی بچووک کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبوونە، بەهۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
 
3- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دارایی و ئابووری رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕگەی یەکەمی ئەم بڕیارە دەردەکات.
 
4- سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆی ئەو پارانەی لەلای ئەو سوودمەندانە ماوە 16 ملیار دینار دەبێت، سەدان کەس لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن."
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە پێشتر پێدانی قەرزی بچووک لەنێوان یەک بۆ 15 ملیۆن دینار بووە، بەڵام سوودمەندان لە سێ ملیۆن دینار کەمتریان پێنەدراوە. "دوای دەرچوونی بڕیارەکە وەزارەتی کار لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی رێنمایی پێویست بۆ لێخۆشبوونەکە دەربکرێت."
 
وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت: دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزەکانی ئاو، و كارەبا و سزای هاتووچۆ دەرکرد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوای ئامادەکردنی راپۆرتێک لەلایەن بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی وەزارەت پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد ئەو بڕیارە دەربکرێت. 
 
دەشڵێت، كوێستان محەممەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی راسپارد بە ئامادەكردنی راپۆرتێكی تێر و تەسەل بەزووترین ماوە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكێشی بكات و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، "خۆشبەختانە دوای گەنگەشەكردنی بابەتی لێخۆشبوون لە سوودمەدانی قەرزی بچووك بڕیاری لێخۆشبوون لە رێژەی (20%) لە كۆی گشتیی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك دەركرا."
 
پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووک لە مانگی ئابی 2011ـەوە دەستیپێکرد و لە 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، کە زیاتر لە هەشت هەزار و 666 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەندبوون، 86 ملیار و 650 ملیۆن دراوەتە ئەو گەنجانەی پڕۆژەیان هەبووە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."