کەشناسی: دووشەممە نمەبارانە و سێشەممەش تاوەبارانە

24-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نمەباران دەبارێت و سبەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان تاوەبارانە. کەشناسێکێش دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلی باران لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک کۆتایی دێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی نیسانی 2023 بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت لەگەڵ هەبوونی تۆزێکی "سووک." 
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت و باران لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەدا تاوەباران دەبارێت و برووسکەی لەگەڵدا دەبێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شەوی سێشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە نامێنێت و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەشێوەی پچڕپچڕ باران لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت و بۆ ئێوارە لە هەولێر و دهۆک هیچ کاریگەرییەکی نامێنێت. گوتیشی، ئەو تۆزەی ناوچەکەی گرتووەتەوە نێو شارەکان ناگرێتەوە و کەمێک زیاتر لە گەرمیان کاریگەریی دەبێت.
 
ئاراس جەبار گوتی، سبەی ئاسمان زۆربەی کات ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
 
لەبارەی بارانی 24 کاژێری رابردووەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە سلێمانی 1.3 ملیمەتر، لە دهۆک 0.1 ملیمەتر و لە سەیدسادق 6.5 ملیمەتر باران باریوە، لە هەندیک ناچەی دیکە دڵۆپە باران باریوە و هەندێک ناوچەش بارانی لێ نەباریوە. 
 
بەرزرتین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 24 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 23 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 27 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 24 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە