میهرەبان بڕبڕەی پشتی خوارە و قاچەکانی لەکارکەوتوون؛ بۆ بەردەوامی لە خوێندن پێویستی بە هاوکارییە

24-04-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
پشتی منداڵە 11 ساڵانەکە. وێنە: رووداو
پشتی منداڵە 11 ساڵانەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میهرەبان تەمەنی 11 ساڵە، بڕبڕەی پشتی خوارە و هەردوو قاچەکانی لەکارکەوتوون، سەرەڕای نەخۆشییەکەش لە خوێندن بەردەوامە و قوتابیی پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە. باوکی میهرەبان کاسبکارە و ناتوانێت خەرجیی نەشتەرگەریی راستکردنەوەی پشتی بۆ بکات. پزیشکی میهرەبانیش دەڵێت، "ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ میهرەبان زۆر پێویستە و ئەگەر دوابخرێت خواریی پشتی زیاد دەبێت و ئازارەکەیشی زیاد دەکات."
 
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 ئیسماعیل ئیبراهیم، باوکی میهرەبان لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، خواریی پشتی کچەکەی بۆ سەرەتای لەدایکبوونی گەڕاندەوە و گوتی، "میهرەبان سەرەتای لەدایکبوونی کیسێک لەسەر بڕبڕەی پشتی هەبوو، گەیاندمانە نەخۆشخانەی لەدایکبوون؛ پزیشک گوتی، دەبێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە."
 
میهرەبان دوای 27 رۆژ، نەشتەرگەری بۆ لابردنی کیسەکەی پشتی کرا. وەکو باوکی دەڵێت، دوای نەشتەرگەرییەکە و تێپەڕبوونی 15 رۆژ، دەرکەوت ئاو لە مێشکیەتی. میهرەبان لە خوار ناوکیەوە هەستی نەماوە و تەنانەت هەستی خۆپیسکردنیشی لەدەستداوە؛ "بۆ ئەمەش کونێک لە خوار ناوکییەوە کراوە بۆ میزکردن. هەروەها هەردوو قاچەکانی لەکارکەوتوون. زۆرکات پێویستی بە چارەسەرکردن هەبووە و توانام نەبووە بیبەمە لای پزیشک، چونکە کرێچیم و کەمدەرامەتم."
 
میهرەبان ئێستا تەمەنی 11 ساڵە، سەرەڕای نەخۆشییەکەی لە خوێندن بەردەوامە و قوتابیی پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە. هاوکاریی سەرەکی میهرەبان بۆ جووڵەپێکردنی، دایکیەتی.
 
ئێستا ئەو منداڵە پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی راستکردنەوەی بڕبڕەکانی پشتە، هەرچەندە ئەو نەشتەرگەرییە چارەسەری بنەڕەتیی کێشە تەندروستییەکانی ئەو منداڵە ناکات.
 
دکتۆر نوورەدەین حەمەد، پزیشکی راوێژکار لە نەشتەرگەریی مێشک، بڕبڕەی پشت و دەمارەکان، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا باسی لە پێویستیی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ میهرەبان کرد و گوتی، "کێشەی سەرەکیی میهرەبان خواربوونی بڕبڕەی پشتیەتی کە رۆژ دوای رۆژ خواربوونەکە زیاد دەبێت. بۆ ئەمەش پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی گەورەیە کە لە هەرێمی کوردستان ئەو نەشتەرگەرییە ناکرێت."
 
وەکو دکتۆر نوورەدەین دەڵێت، ئەنجامنەدانی نەشتەرگەریی راستکردنەوەی پشت بۆ میهرەبان، دەبێتە هۆی زیادبوونی خواربوونی پشتی و زیادبوونی ئازار، زیادبوونی خواربوونەکەش ئازار زیاد دەکات و بەرگەی ئازارەکە ناگرێت.
 
ئەو پزیشکە دەڵێت، "نەشتەرگەرییەکە لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە دەرەوەی عێراق دەکرێت. هەرچەندە ئەو نەشتەرگەرییە کاریگەریی لەسەر قاچەکانی نابێت و نابێتە هۆی چالاکبوونەوەیان؛ نەشتەرگەرییەکە تەنیا 30%ی کێشەکانی ئەو منداڵە چارەسەر دەکات."
 
باوکی میهرەبان کاسبکارە و لە خانووی کرێدان لە هەولێر بە مانگانەی 300 هەزار دینار.
 
میهرەبان تاقانەی دوو برایە. باوکی دەڵێت، نزیکەی چوار ساڵە نەیبردووەتەوە لای پزیشک بەهۆی کەمدەرامەتییەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "رۆژ دوای رۆژ، تەندروستیی کچەکەم خراپتر دەبێت و پشتی خوارتر دەبێت. ئێستا پێویستی بە کورسییەکە و توانام نییە بۆی بکڕم. پێویستیی بە شتی زۆرە و توانام نییە. لە زۆر دەرگاشم داوە تاوەکو ئێستا کەس هاوکاریی نەکردووین. تکا دەکەم میهرەبان لەو ئازارە رزگار بکەن."

 

عەدنان رەشید، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار بەشداریکردووە لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گرتووخانەی ئەوین لە تاران.

لە سنە 70 بەندکراو ئازاد کران

لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای سنە 70 زیندانی ئازاد کران؛ بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری زیندانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانەوە 20 ملیار تمەن بۆ ئازادیی ئەو بەندکراوانە کۆکراوەتەوە.