بە 'نەخشەیەکی دەستکرد' ئاوی لۆڕستان و بەختیاری دەخرێتە سەر ئیسفەهان

24-04-2021
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەیەکە خۆپێشاندان لە پارێزگاکانی لۆڕستان و چوارمەحاڵ و بەختیاری دژی پلانی گواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایانە بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران دەستیپێکردووە. داواکاری خۆپێشاندەران ئەوەیە بەر بە گواستنەوەی ئاوی پارێزگاکانیان بگیرێت.
 
میدیا نێوخۆییەکانی پارێزگای لۆڕستان دەڵێن؛ ناڕەزایەتییەکان لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخشەیەوە دەستیپێکردووە کە تێیدا دوو کەرتی گرنگ و پڕئاوی پارێزگای لۆڕستان و بەختیاری، خراوەتە سەر پارێزگای ئیسفەهان. 
 
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ، پارێزگای لۆڕستان 130 چەم و رووباری هەیە کە درێژەیان نۆ هەزار کیلۆمەترە و دەڕژێنە نێو رووبارەکانی کەرخە و کاروونەوە. 11٪ـی ئاوی ئێران لەو پارێزگایەوە سەرچاوە دەگرێت و ساڵانە 12.5 ملیار مەتر سێجا ئاو لە لۆڕستان دەچێتەدەر کە نزیکەی 60٪ـی لە رێگەی بەنداو و کەناڵی گواستنەوەی ئاوەوە دەگوازرێتەوە.
 
لە 30 ساڵی رابردوودا 11 بەنداو لەو پارێزگایە دروستکراون و 7 بەنداوی دیکەش دوو بۆ پێنج ساڵی دیکە تەواو دەکرێن.
 
یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەنداوی سەیمڕە ناسراوە و سەرچاوەکەی رووبارەکانی گاماسیاب و قەرەسووە لە پارێزگاکانی لۆڕستان، ئیلام و کرماشان.
 
بەنداوەکە بە گەورەترین سەرچاوەی ئاوی ئێران پێناسە دەکرێت کە لە ساڵی 1988ـەوە پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی ئەم رووبارە و رووباری سەرداو لە شاری ئەلیگودەرزی لۆڕستانەوە، بە ناوی "پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی دز بۆ قوم" دەستیپێکرد و لە ساڵی 2003ـەوە لە رێگەی ئەم کەناڵە ژێر زەوییانە لە 9 سەرچاوەی ئاوی لۆڕستانەوە، ساڵانە 181 ملیۆن مەتری سێجا ئاو دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای قوم لە ناوەندی ئێران. 
 
ئەو پڕۆژەیە بووە هۆی وشکبوونی زیاتر لە 70٪ـی سەرچاوەکانی ئاوە ژێرزەوییەکانی پارێزگای لۆرستان. بەشێک لە پسپۆڕانی ئاوی ئێران پێیان وایە دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو لە ئێران "بەشێوەی مافیایی" بۆ بەدەستهێنانی داهات بووە.
 
محەممەد حوسێن پاپلی، مامۆستای زانکۆی خۆراسان و پسپۆڕی ئاوە، دەڵێت، "لە 30 ساڵی رابردوودا تەنیا 3٪ـی بودجەی وەزارەتی وزە تایبەتکراوە بۆ ئاوی ژێرزەوی، چونکە لە کۆنترۆڵی ئاوی ژێر زەویدا، کۆمپانیا مافیاکان کە بە ناوی راوێژکارەوە لە کاروباری ئاودا دەستیان هەیە، نەیاندەتوانی داهاتیان هەبێت. داهاتەکە لەنێو لێدانی بەنداو و کەناڵی گواستنەوەی ئاودایە. 97٪ـی بودجەی وەزارەتی وزە چووەتە نێو بەشی ئاوی سەرزەوی، چونکە بە ملیاران تمەن پارەی تێدایە."
 
پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی لۆڕستان لەژێر چاودێریی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپادا جێبەجێکراوە و 1 ترلیۆن و 950 ملیار تمەن تێچووی سەرەتایی پڕۆژەکە بووە کە بۆ قۆناخی دووەم بە فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، 230 ملیۆن یۆرۆی دیکە یارمەتی پڕۆژەکە دەدرێت بۆ تەواو بوون. پرۆژەکە پاڵپشتی ئاویی 33 پرۆژەی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پارێزگای ئیسفەهان و زیاتر لە 60 پرۆژەی گەورەی پیشەسازی لە پارێزگای قومە.
 
پەروێز فەتاح، وەزیری پێشووی وزەی ئێران لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکەدا بە دانیشتووانی پارێزگای قومی راگەیاندبوو، ئەمە باشترین ئاوی جیهانە کە بۆمان هێناون و ئەم پرۆژەیە گەورەترین پرۆژەی گواستنەوەی ئاوە لە ئێران، پرۆژەیەک کە چەند ساڵە لە میدیای ئێراندا هیچ ئاماژەیەک بە سەرچاوەکەی ناکرێت، ئێستا بەهۆی نەخشەیەکی دەستکردەوە، جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی چالاکڤانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز کردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە