کەشناسی: ئەمڕۆ لە گەرمیان 35 بۆ 45 مللیمەتر باران دەبارێت

24-03-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن کەشوهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و زۆرترین بڕ لە ئیدارەی گەرمیان دەبارێت، کە لەنێوان 35 بۆ 45 مللیمەتر دەبێت. کەشناسێک هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات، بەڵام گوتەبێژی ئیدارەکە دەڵێت سەرووی خۆیان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لافاو دروست نابێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە)ـوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەریی زیاتری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت، کە لێزمەبارانیان لێ دەبارێت؛ لە گەرمیان 35 بۆ 45 مللیمەتر باران دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ئیدارەکانی زاخۆ و راپەڕین، ئەمڕۆ بارانی کەمتر دەبارێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، لە گەرمیان و خانەقین مەترسی جیدیی لافاو هەیە؛ لە سلێمانی بارانی باش دەبارێت و لە پارێزگاکانی دیکەش بارانبارین لاواز دەبێت." 
 
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لایەنی فەرمی بۆ پێشبینییەکان (ـی کەشوهەوا)؛ وەزارەتی گواستنەوەیە، بەگوێرەی ئەوەی ئەوان بە ئێمەیان گوتووە، لافاو نابێت و رێژەی زۆر نابارێت."
 
گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتیشی، لیژنەیەکی باڵایان لە ئیدارەکە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لافاو و پێکهاتووە لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، ئەوان هەموو کات لە "ئامادەباشیدان".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، سبەی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و لە دوای نیوەڕۆوە باران بارین کۆتایی دێت و کەش دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا کە هەفتەیەکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، رۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، پێنجشەممە و هەینی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت. گوتیشی، "ئەگەر گۆڕانکاری دروست نەبێت، رۆژی شەممە 30ـی مانگ شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24ـی کاژێری رابردووی بڵاوکردووەتەوە کە لە 09:00ـی بەیانی دوێنێ بۆ 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆیە و بەمشێوەیەیە:
 
لە هەولێر 17.3 ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین بڕی پارێزگاکەش لە قەزای چۆمان بووە و 26 ملیمەتر باران باریوە. لە سەنتەری سلێمانی باران نەباریوە، بەڵام زۆرترین بارانی سنوورەکە لە ناحیەی سەرکەپکان باریوە کە 12 ملیمەتر بارانە. لە شاری دهۆک 8.3 ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین بڕی سنوورەکەش 30.3 ملیمەتر لە ناحیەی دینارتە باریوە. هەرچی پارێزگای هەڵەبجەشە لە شارەکە باران نەباریوە و زۆرترین بڕی بارانی سنووری پارێزگاکەش لە تەوێڵە بووە کە 3.5 ملیمەترە.
 
لە مێرگەسۆر زیاتر لە 2000 ملم باران باریوە
 
لەلایەکی دیکەوە قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر رۆژی شەممە کۆی گشتیی باران و بەفربارینی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەمساڵ 2052 ملیمەتر باران و 45 سانتیمەتر بەفر باریوە.
 
بەپێی ئاماری کەشناسیش لە 24 کاژێردا (کاژێر نۆی بەیانیی رۆژی شەممە، تاوەکو کاژێر نۆی بەیانیی رۆژی یەکشەممە) 23 مللیمەتر باران باریوە، بەمەش کۆی گشتیی بارانبارین لەو قەزایە گەیشتووەتە 2075 مللیمەتر.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 13 پلەی سیلیزی
دهۆک: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 17 پلەی سیلیزی
سۆران: 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 4 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''