لە مهاباد گەنجێک کوژرا و ناسنامەی دوو قوربانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

23-11-2022
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە مهاباد بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا و گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی سنە و کرماشان راگەیێندرا.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران بەیانی رۆژی سێشەممە لە نزیک گوندی حاجی مامییانی مهاباد تەقەیان لە گەنجێکی 21 ساڵان بە ناوی رێباز ساڵحی وەند کردووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو رێکخراوە لە زاری کەسێکی نزیکییەوە رایگەیاندووە، رێباز لەگەڵ هاوڕێیەکی بە سواری ماتۆڕ بە نزیک هێزەکانی سوپای پاسداراندا تێپەڕیون و ئەوانیش لە دووری چەند مەترێکەوە بە چەکی ساچمە تەقەیان لێکردوون. دەشڵێت، رێباز ساڵحی وەند بەسەختی بریندار بووە و دوای چەند کاژێرێک گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی هەواڵەکە، هێزەکانی ئێران رێگەیان نەداوە تەرمی رێباز ساڵحی وەند لە گۆڕستانی مهاباد بەخاکبسپێردرێت، بۆیە تەرمەکەی بردراوەتە گوندی وسوکەند و لەوێ بەخاکسپێردراوە.
 
هەروەها ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری قەسری شیرین بە ناوی کورش پاژخ لە کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە. بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە، چوارشەممەی هەفتەی رابردووش هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری ماییدەشتی پارێزگای کرماشان بە ناوی فەرهاد خوسرەوی لە سنە بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە و دوێنێ سێشەممە لە گۆڕستانی گوندی چەقاسەفەری ماییدەشت بەخاکسپێردراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان. وێنە: ئەرشیڤ

لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ورمێ باران دەبارێت

لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە؛ کەشناسیی پارێزگاکە رایگەیاند، بارانبارین و هەورەبرووسکە و رەشەبا تاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت