هێزەکانی تورکیا و رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد

23-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی تورکیا – رووسیا لە سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: گەڕانە هاوبەشەکە بۆ چاودێریی دۆخی ئەمنی ناوچەکەیە و بەردەوام دەبێت. 
 
ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئابی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردەوە، رۆژی 22ـی مانگ لەسەر سنووری ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی (لە رۆژئاوای کوردستان)، گەڕانی هاوبەشی هێزەکانی تورکیا – رووسیا بەڕێوەچوو. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانەوە، گەڕانی هاوبەشی هێزەکانی تورکیا – رووسیا لە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەشێوەیەکی کاتی راگیران، دوێنێ بە رێککەوتنی هاوبەشی نێوان فەرماندەیی هێزەکانی تورکیا و فەرماندەیی سوپای رووسیا لە سووریا، گەڕانە هاوبەشەکان بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو بەڕێوەچوو. لەمەودواش بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو بەردەوام دەبێت. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، هێزەکانیان بە چوار زریپۆش لە جۆری کیرپی و پارس و بە بەشداری 24 سەرباز و رووسیاش کە لە هێزەکانی پۆلیسی سەربازیی پێکهاتبوون، بە چوار زریپۆش و 18 سەرباز بەشداربوون. 
 
جەخت لەوەکرایەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم گەڕانە هاوبەشە، دەستنیشانکردنی خاڵ و بارەگا و پێگەی هەسەدە بووە لە ناوچەکە بۆ ئەوەی زیان بە دۆخی ئەمنی سنوورەکە نەگەیێنن. 
 
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لووتکەی سۆچی، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2019، تورکیا و رووسیا رێککەوتن بە ئەنجامدانی گەڕانی هاوبەشی هێزەکانیان لە سنووری ئەو ناوچانەی سوپای تورکیا کۆنترۆڵی کردوون لەگەڵ سنوورەکانی حکومەتی سووریا و ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە-دان. 
 
یه‌كه‌مین گه‌ڕانی هاوبه‌ش له‌ رۆژی 15ی ئاداری 2020 بەڕێوەچوو. تاوەکو رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، تاوه‌كو ئێستاش 127 گه‌ڕانی هاوبه‌ش كراوه‌. 
 
رۆژی 14ی ته‌ممووزی 2020، له‌ 20ـه‌مین گه‌ڕانی هاوبه‌شی سه‌ربازانی توركیا و رووسیادا، بۆمبێك به‌ كاروانه‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ته‌قییه‌وه‌، چه‌ند زریپۆشێك زیانیان به‌ركه‌وت و له‌ ئه‌نجامدا سێ سه‌ربازی رووسیا و چوار سه‌ربازی توركیا برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حاجی مەحموود.

محەممەد حاجی مەحموود: پزیشکیان خۆی دکتۆرە و خەڵک چاک دەکاتەوە، خەڵک ناکوژێت

سپێدەی ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەک لە جێگرەکانی و کۆمەڵێک وەزیر پێشوازی لێکرا.