رووداو دیجیتاڵ
باجی پارچە زەوییەکانی کۆمەڵگەی مێسریکێی سەر بە قەزای سیمێل لە دهۆک، بووەتە کێشە بۆ بەشێکی خاوەنی نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی عەرز و خانووی هاووڵاتییان، بەگوتەی ئەوان، پێشتر بڕێکی کەم پارەیان وەک باج دەدا، بەڵام ئێستا دوای خەمڵاندنی پارچە زەوییەکانیان، ئەوان و ئەوانەی نێو شاری دهۆک، وەکو یەکدی باجیان بۆ هەژمار دەکرێت، بەمەش بڕی باجەکە، زیاتر دەبێت لە بەهای زەوییەکەیان.
موحسین ساڵح، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی عەرز و خانووە و، دەڵێ "سەیرە، من کە خاوەن موڵکم پارە بدەم، یان کڕیار پارە بدات، هەر زەرەرە. من، خاوەن موڵکم و 60 بۆ 70 پارچە زەویم فرۆشتووە، چۆن پارەکەی بدەم! دەبێت نیوەی پارەکەی بدەم ئەگەر نا تێهەڵناهێنێت".
سەبری حەجی هاوپیشەی موحیسنە و باسی ئەوە دەکات "کەسێک پارچە زەوییەکەی بە 30 وەرەقە (سێ هەزار دۆلار)، یەکێک بە 50 وەرەقە (پێنج هەزار دۆلار)، یەکێکی دیکە بە 70 (حەوت هەزار دۆلار) وەرەقەی داوە، کەچی دەڵێن دەبێت باجی عەقاریی هەموو ساڵەکان بدەن".
نەوەک تەنیا خاوەنی نووسینگەکانی خانووبەرە لە سێمێل، بەڵکو ئەوانەی دهۆکیش بەهۆی ناڕازیبوونیان بە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانە لەبەردەم دیوانی پارێزگای دهۆک گردبوونەوە، چونکە زیاتر لە 70٪ـی کڕین و فرۆشتنی پارچەی زەوی لە پارێزگای دهۆک، لە سنووری سێمێل دەکرێت.
عەبدولرەزاق عەبدولستار، خاوەنی نووسینگەی فرۆشتنی خانووبەرەیە و دەڵێ "ئەگەر بەو بڕیار و رێنماییانە بێت، ئەوا من کە پارچە زەوییەکم کڕیوە، ئەو پارچە زەوییە دەفرۆشم و هەندێک پارەی دیکەش لە ماڵەوە دەهێنم و دەیدەمە حکومەت هەتا تێهەڵبێت، چونکە شتێکی هەڵەیە. پێشتر (باجەکە) 100 بۆ 150 هەزار بوو و دەماندا، شار شارە و قەزاش قەزایە، نابێت باجەکەی وەک هی شار بێت".
دوای کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدار و نوێنەرانی نووسینگەکانی فرۆشتنی خانووبەرە، جێگری پارێزگاری دهۆک، لێدوانێکی یەکلاکەرەوەی دا.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک گوتی "هیچ باج و رسووماتێک بەبێ یاسا و رێنمایێک کە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، وەرناگیرێن. رەنگە تەنیا قسەیەک لەنێو ئەواندا (خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە) بڵاوبووبێتەوە، کە ئەگەر باج لە سێمێلەوە بگوازرێتەوە بۆ دهۆک، رەنگە باج بەشێوازێکی دیکە وەرگیرێت، ئەوەش راست نییە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەشی دارایی لە قایمقامییەتی سێمێل کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی دهۆکە و کاری وەرگرتنی باجی لە سێمێل جێبەجێ دەکرد، پێش سێ رۆژ مۆر و تۆماریان لێ وەرگیراوە.
ئێستا بەپێی یاسا، هەرکەسێک 600 مەتر زەویی یان کەمتری هەبێت، لەپێدانی باج دەبەخشرێت، ئەوەی لە 600 مەتر زیاتریشی هەبێت بەپێی یاسای رێژەی 2٪ـی بەهای زەوییەکەی دەبێتە باج کە بە خەمڵاندن بۆ جۆری زەوییەکە و شوێنەکەی، دیاریدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ