رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە سلێمانی و گەرمیان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماردەکەن. دەشڵێت، بەهۆی گرانکردنی کەرەستە و پێداویستییەکان و بەردەوامیی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو زیانی زۆریان بەردەکەوێت.
رۆژی یەکشەممە 23-04-2023، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان لەبارەی وردەکاریی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەرێمی کوردستان نرخی ئالیک، جووجەڵە، ڤیتامین، گاز، ڤاکسین و پێویستییەکانی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی مریشک زیادیانکردووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کردووە و بەشێکیان ماوەیەکی زۆرە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
ماوەیەکە، وەک نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، "نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گرانبووە کە هۆکارەکەی گرانبوونی هەموو ئەو پێویستییانەیە کە بۆ خاوەن کێڵگەکان پێویستن، ئەوەش نرخی مریشکی گرانکردووە، بەڵام ئێمە بە دەست چەندین کێشەوە دەناڵێین، لەوانە ماوەیەکی زۆرە هەموو شت گرانبووە، ئێستا کە نرخی مریشک هەندێک گرانبووە، هەموو هەر باسی ئەوە دەکەن، بەڵام دەبێت بزانرێت هەموو شتەکان لەسەر ئێمە گرانبوون."
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتیشی، "ئێمە هەفتەی داهاتوو سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماردەکەین، چونکە دوو ساڵ زیاترە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دراوە کەچی هەردێت و هەندێک بەرپرس بێ کێشە مریشکی بەستوو دەهێننە نێو هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەش زیانی گەورەی لە ئێمە داوە، جگە لەوەش ئەو رێکارانەی حکومەت و گرانکردنی هەموو شتێک لەسەرمان زیانی دیکەی لێداوین، لەسەر ئەو دوو خاڵە سکاڵا دەکەین."
بەپێی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1800 کێڵگەی پەلەوەریی فەرمی هەن، 800 کێڵگەی پەلەوەریی دیکە هەن کە مۆلەتی فەرمییان نییە، لە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستمان بە 45 هەزار تۆن مریشک هەیە، لەکاتێکدا کێڵگە پەلەوەرییەکان دەتوانن لەساڵێکدا زیاتر لە 400 هەزار تۆن مریشک بەرهەمبهێنن، ئەگەر ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
ئێستا نرخی مریشک لە پەلەوەرخانەکان لە دوو هەزار و 500 دینارەوە بۆ 4300 دینار بەرزبووەتەوە و لە دەرەوەش بە 4600 دینارە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە:
- هەولێر؛ 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی؛ 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک؛ 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە؛ 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان؛ 158 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ