رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان نیگەرانە لە قسەیەکی سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و رەتیدەکاتەوە پارەیان لە مام جەلال وەرگرتبێت، گوتەبێژی سۆسیالیستیش دەڵێت، هەندێک لایەن لە نەمانی مام جەلالدا دەیانەوێت وای پیشانبدەن، کە هاوکاریی نەکردوون.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، کە کاتێک مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق بووە هاوکاریی ماددی هەموو حیزبەکانی کردووە، لەبەرامبەردا لە راگەیێندراوێکدا بزووتنەوەی ئیسلامی کورستان رایگەیاند: "بە بەڕێزیان و تەواوی رای گشتی رادەگەیێنین، کە هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە و تەحەددای هەرکەس و لایەنێکیش دەکەین با بفەرموون بەڵگە بخەنەڕوو کە پارەمان وەرگرتووە".
رۆژی چوارشەممە 23-2-2022، عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی ئەوانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە نەدەبوو سکرتێری سۆسیالیست "ناوی لایەنەکانی بەڕەهایی بهێنایە، بەڵکو ناوی ئەو لایەنانەی ببردایە کە پارەیان وەرگرتووە نەک تەڕ و وشک بەیەکەوە بسووتێنێت".
هەر رۆژی چوارشەممە، بەختیار کەریم، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مام جەلال بەو پێگەیەی هەیبوو کە سەرۆککۆماری عێراق بوو، هەروەها پێشتریش چەند جارێک و لە چەند وێستگەیەکدا پشتیوانی هێز لایەنە سیاسییەکانی کردووە، لێدوانەکەی کاک محەممەدی حاجی مەحموودیش لەو چوارچێوەیەدا بووە".
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بەختیار کەریم گوتی: "هەر حیزبێک چۆن بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت کە پشتیوانی نەکراوە دەکەوێتە سەر ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستا گوزەری تێدا دەکات، هەندێك بیانەوێت کە جەنابی مام جەلال لە ژیاندا نەماوە ئەم دۆسیەیە بەلاڕێدا ببەن و وای پیشانبدەن کە لەلایەن جەنابی مام جەلالەوە پشتیوانی نەکراون، هەموو حیزبێکیش ئازادە کە چۆن قسە لەسەر لێدوانەکانی کاک محەممەدی حاجی مەحموود دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ