رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، زیاتر لە 195 گوندی سنووری قەزای ئامێدی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە چۆڵکراون. هەروەها دەڵێت: "ئەمساڵ سێ بەنداو لە سنووری قەزای ئامێدی دروست دەکرێن."
رۆژی دووشەممە 23-01-2023، وارشین مایی، قایمقامی ئامێدی بە رادیۆی رووداوی گوت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا چەندین پرۆژەی کشتوکاڵی و ئاودێری جیاواز لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێکراون بە گوژمەی دوو ملیار دینار کە لە سنووری قەزای ئامێدی و هەر شەش ناحیەی سنووری قەزاکە بوون.
بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە، قەزای ئامێدی یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. بە گوتەی قایمقامی قەزای ئامێدی، بەهۆی هێرشی سوپای تورکیاوە بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە زیاتر لە 195 گوندی سنووری قەزای ئامێدی چۆڵکراون.
وارشین مایی ئاماژەی بەوەش کرد، پلان وایە بۆ ساڵی 2023، سێ بەنداو لە سنووری قەزای ئامێدی دروستبکرێن کە دوو بەنداویان دەکەونە سنووری ناحیەی بامەڕنێ و بەنداوێکیش لە ناحیەی سەرسەنگ.
هەروەها ئەو قایمقامە گوتی: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لە بەنداوێکی سنووری ئامێدی راگیرابوو، ئێستا شەش ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی کە بەنداوەکە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گلدانەوەی ئاو لە سنووری ئامێدی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ