رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، سیستمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتی دا کۆتاییهاتووە و ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە. لەبارەی بەشداریکردنی لاهوور شیخ جەنگی لە کۆنگرەی داهاتووی ئەو حیزبەش گوتی، لە رێگەی کۆمیسیۆنێکەوە ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "لە کۆنگرەی پێشوودا بڕیاربوو کە دوای چوار ساڵ کۆنگرە بکرێت، رەنگە ساڵانی پێشوو هەندێک کۆنگرە دواکەوتبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش چارەسەر بکرێت، بۆیە کۆدەنگی هەبوو لەسەر ئەوەی کۆنگرە بکرێت."
یەکێتی لە کۆنگرەی چوارەمی دا سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد، بەڵام دواتر لاهوور شێخ جەنگی کە یەكێک بوو لە هاوسەرۆکان، دوورخرایەوە. سەعدی پیرە لەبارەی سیستمی هاوسەرۆکی گوتی، "بابەتی هاوسەرۆکی کۆتاییهاتووە و پێشووتر بڕیاری لێدراوە و سیستمی هاوسەرۆکی سەرکەوتوو نەبوو." لەبارەی دانانی جێگر بۆ سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "تاوەکو هیچ بابەتێکی لەوشێوەیە باسنەکراوە."
سەبارەت بەو ئەندامانەی مافی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەدا هەیە، سەعدی پیرە گوتی، "ئەوانەی پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی بوون و ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەرکردایەتین لەگەڵ ئەو پێشمەرگە دێرینانەی لە ساڵی 1977ـەوە دانەبڕاون، بەشداریی کۆنگرە دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە دابەش دەکرێتە سەر مەڵبەندەکان، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەبنە ئەندامی کۆنگرە."
لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزەوە، لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری ئەو حیزبە دوورخرانەوە، لەبارەی بەشداریی دوورخراوەکان لە کۆنگرەدا، سەعدی پیرە دەڵێت، "هەموو ئەو بابەتانە رووبەڕووی ئەو کۆمیسیۆنە کراونەتەوە، کە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە دەکەن و ئەوان بڕیاری لێدەدەن و ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باس نەکراوە، ئەو کۆمیسیۆنە ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە، ئەو بابەتانەی لە کۆنگرە باس دەکرێن و پێشنیازی دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی داهاتوو ئەوان دیاری دەکەن، پێشنیازەکان لە کۆنگرە یەکلادەکرێنەوە."
لە کۆنگرەی رابردوودا ئەنجوومەنێک بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی دروستکرا، لەبارەی ئاییندەی ئەو ئەنجوومەنە، سەعدی پیرە گوتی، "رەنگە فۆرمەکەی بگۆڕدرێت، بەڵام دەمێنێتەوە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان هەڵکشاوە دەبێت جێگەیان هەبێت لە بڕیاری یەکێتی بۆیە رەنگە لە شێوەی پەرلەمانی یەکێتی فۆرمێکیان بۆ دروست بکرێت بۆ ئەوەی لەوێدا گفتوگۆی پرۆسەی سیاسی بکرێت و دەنگ لەسەر پێشنیازەکان بدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ