د. ڤیان سەبری: چاوەڕێی بڕیاری حیزب دەکەین بۆ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان

22-06-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت؛ هێشتا بڕیاریان نەداوە سبەی بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکەن یاخود نا؛ گوتیشی: "پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدان و چاوەڕێی بڕیاری ناوەندیی حیزب دەکەن لەوبارەیەوە".
 
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدری بووە بە ئەمری واقیع و فەرمانی دیوانی پەرلەمانیشیان بۆ دەرچووە، ئێستا شاندی دانوستانکاری پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان کۆبوونەتەوە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئیستا بەرنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق روون نییە، هەرچەندە بەگوێرەی ماددەی 58ـی دەستوور دەبێت رێژەی دیاریکراو هەبێت بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان گرێبدرێت و ئەوەی هەیە تاوەکو ئیستا بە واژۆی 50 پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانکراوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی سەدری.
 
د. ڤیان سەبری گوتیشی: "زۆرینەی ئەندامەکانی فراکسیۆنەکەیان لە بەغدان و چاوەڕێن لە چەند کاژێری داهاتوودا بڕیاری کۆتایی بدەن، هەروەک بەلای پارتییەوە بنەمای بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیدا سێ خاڵی سەرەکییە کە ئەوانیش هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، ئەوان وەکو پارتی رێز لە بڕیاری پەرلەمانتارانی سەدری دەگرن و سەرەڕای کشانەوەشیان لە پەرلەمان، "بەڵام کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق دەبێت".
 
لەبارەی بڕیاری بەشداریکردنی پارتی لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان کە بە تەنیا یان لەگەڵ هاوپەیمانیی سەروەری سوننەکان دەبێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئیستا هاوپەیمانییان بەردەوامە، بەڵام دەوەستێتەوە لەسەر ئەوەی ئاخۆ بڕیاری ناوەندیی پارتی چی دەبێت، چونکە بەلای ئەوانەوە گرنگە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ماددەی 140 و پێشمەرگە و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، دۆخی سیاسیی عێراق بە زوویی گۆڕانی بەسەردا دێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەری هەیە لەماوەی کاژێرێکدا شتەکان بگۆڕێت، هەروەک بەشداریی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا زۆر گرنگە و "دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە بگەنە رێککەوتن."
 
د. ڤیان سەبری باسی لەوەش کرد، "دەبێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بەردەوامبن لە پرسە نیشتمانییەکان و پێکەوە وەک چۆن لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا پێکەوەبوون، ئاواش بەردەوامبن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە