رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بەردەوامدەبێت و متمانەی نێوانیان "زۆر بەهێزە." لەبارەی ئەو رووداوانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان روویاندا گوتی، دڵنیایی دەدەن کە دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەردانی حیزبی چاکسازیی تورکمانی لە هەولێر کرد و جەعفەر ئیمینکی، سەرۆکی شاندی پارتیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا گرژییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانی بە پرۆسەی دیموکراسی ناوبرد و گوتی، "دڵنیایی دەدەین خەڵک دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و هیچ گرژییەک روونادات."
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانکردنی لایەنە سیاسیییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی حیزبی چاکسازیی تورکمانی کرد و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی گوتی، "لەبارەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و پرسە هەنووکەییەکان گفتوگۆمان کرد."
سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە دیدارمان لەگەڵ هەشت حیزبی تورکمانی، هەموو لایەکمان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
جەعفەر ئیمنێکی دەستخۆشی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پەرلەمانتارانە کرد کە ئەمڕۆ پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسییان خستە دەنگدان و ئاماژەیدا: "دڵخۆشکەربوو کە کۆمیسیۆن کاراکرایەوە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پرسێکی حیزبی نییە و ئەرکی سەرەکی پەرلەمانی کوردستانە و دەبوایە پێشتر یەکلایی کرابایەوە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیایی لە کۆتاییهاتن بە گرژییەکان دەدات و دووپاتیدەکاتەوە: "ئەو گرژییانەی لە پەرلەمان روویاندا بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێن و خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەین لەوەی پشوودرێژی هەیە و گرژیش دروست نابێت، هەرچەند ئەوەی لە پەرلەمان روویدا دەبوایە رووینەدابا، بەڵام پێشتریش ئەمانە روویانداوە و لە پرۆسەی دیموکراسیدا هەندێک جار رووداوی لەم شێوەیە روودەدەن."
جەعفەر ئیمینکی رۆڵی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان بە رۆڵێکی کاریگەر وەسفدەکات و دەڵێت: کەس منەت لەسەر تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە ناکات، ئەم کورسیانەی هەیانە خێری کەس نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دیموکراسییە و کاتی خۆی لە بەرەی کوردستانی سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی بە قەناعەتەوە بڕیاریاندا کە هەبوونی پێکهاتەکان لەنێو پەرلەمانی کوردستان ئەزموونی دیموکراسی بەهێزتر دەکات.
بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی، "ئێمە قبووڵمانە رەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بگیرێت، بەڵام لەجێی خۆی نییە رەخنە لە پێکهاتەکان بگرن، لەکاتێکدا ئەوان بەشێک نەبوون لەو ناکۆکی و گرفتانەی لە هەرێمی کوردستان دروستدەبن."
سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند، "لەژێر رۆشنایی پەیامی سەرۆک بارزانی کە دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووینەتەوە و ئەو کۆبوونەوانەش بەردەوام دەبن، متمانەی نێوانمان لە ئاستێکی باشدایە" و گوتیشی، "ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەزموونێکی دوور و درێژی حوکمڕانیمان هەیە و بە دڵنیاییەوە گرنگە ئەو دیدار و گفتوگۆیانە بەردەوامبن، وەکو چۆن رابردوومان بێ گیروگرفت نەبووە، ئێستاشمان بێ گیروگرف نابێت، بەڵام دڵنیاین کە بە ئیرادەیەکی هاوبەش دەتوانین چارەسەری گرفتەکان بکەین."
هاوکات مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی حیزبی چاکسازیی تورکمانی گوتی: "ئێمە وەکو لایەنە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ سەقامگیریی هەرێمی کوردستانین و پێمانوایە بە تەبایی و یەکڕیزی لایەنە سیاسیییەکان دەتوانین دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزین."
لەبارەی پرسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان مونا قەهوەچی ئاماژەیدا: "جێگەی داخ و نیگەرانییە کە پاشەکشێ لە دیموکراسی بکرێت، لەکاتێکدا بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان بڕیاریانداوە کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت."
جێگری سەرۆکی حیزبی چاکسازی تورکمانی دەڵێت: "داوامان کردووە کورسی کۆتاکان بۆ برا ئێزدی و کاکەییەکانیش زیادبکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە کوردستاندا باوەڕمان بە پێکەوەژیانە و بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، دەبێ هەموو پێکهاتەکان نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت."
مونا قەهوەچی بەرەی تورکمانی کوردستانی بە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوبرد و رایگەیاند: "خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە رێز لە بۆچوونی پێکهاتەکان دەگرن، هەربۆیە ئێمە وەکو سەرجەم لایەنە تورکمانییەکان پشتگیریی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانیش بە هەموو شێوەیەک پەیڕەوی و یاسایی بوو."
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو کە بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لەنێو هۆڵی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەی پەرلەمانی کۆتایی پێهێنا و هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت، دوای چوونەدەرەوەی د. رێواز فایەق، هێمن هەورامی درێژەی بە دانیشتنی پەرلەماندا و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان خرایە دەنگدانەوە کە ئەمەش گرژی نێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی قووڵتر کردەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە. هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش گوتی: پەیڕەوی نێوخۆ پێشێلکراوە و داننانێن بەو هەوڵەدا، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ