لویس ساکۆ: نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە هەمووان

22-05-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لەبارەی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور لەبارەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتن دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە هەمووان."
 
لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور کە رۆژی 19ـی مانگ لە هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاندووە، قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا دڵنیاکەر بوون، سەرسامی بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕێت کە لەو کۆنفرانسە رایگەیاندووە، "ئێمە جیاوازیین، بەڵام وتووێژ و دیالۆگ دەکەین و ناگەڕێینەوە بۆ شەڕی نێوخۆ."
 
سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئایاری 2021 گوتارێکی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی "یەکڕیزی و دەستوور" کە چوارشەممەی رابردوو 19ـی ئایار زانکۆی کوردستان لە هەولێر رێکیخست، لە وێبسایتی فەرمیی پەتریارکی بڵاوکردەوە.
 
ساکۆ لە گوتارەکەیدا دەڵێت "حیزبە کوردییەکان ئازادانە و بەشێوازێکی شارستانییانە هەڵسەنگاندنییان بۆ بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و ئایندەیان کرد، دوور لە هەموو گرژی و یەکدی بریندارکردن و تەخوینێک."
 
سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان حیزبە کوردستانییەکانیش وا ناودەهێنێت "یەکگرتوون لەبارەی دۆزە گەورەکەیان کە ئایندەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام جیاوازن لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن" دەڵێت، "ئەمەش ئاساییە."  
 
"یەکڕیزی و دەستوور"، ناونیشانی ئەو کۆنفڕانسە یەک رۆژییە بوو کە 19ی ئام مانگە لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جینین هینیس بلاسخارت، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسوڵگەریی 29 وڵات و ژمارەیەک لە کەسانی یەکەمی حیزبە سەرەکییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەیان توێژەر و چالاکوان ئامادەی ببوون، تێیدا راشکاوانە باسییان لە پێویستیی دەستوور وەک  شاڕێگەیەکی یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان وەکو چەتری کۆکەرەوە باسکرد.
 
هەروەها سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بەشدارێکی دیاری کۆنفرانسەکە بوو و لە گوتارێکدا لەپێش ئامادەبووان گوتی دەستووری مەدەنی و دیموکراسی گەرەنتیی یەکێتی و فرەیی و گونجانی کۆمەڵایەتییە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە