دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە دۆخی پەلکانە رادەگەیێنین

22-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لە رووداوەکانی سنووری گوندی پەلکانە لە کەرکووک رادەگەیێنێت و دەڵێت، چەندین جارە لە ناوچەی سەرگەڕان و بە دیاریکراوی گوندی پەلکانە "عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و خۆشیی جەژن دەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە."

لە راگەیێندراوی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "بەداخەوە ئەمە چەندین جارە لە ناوچەی سەرگەڕان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەر دەرگا لە دانیشتووانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لەبری جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و خۆشیی جەژن دەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە و چاو سورکردنەوە و پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زار و کێڵگە و زەرعاتی ناوچەکە."

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای رووخانی سەدامیش بەردەوامە و روودەدات، ئەمەش دادگە و دادپەروەریی عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەوە، ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنە و نیگەرانیی قووڵی خۆمان رادەگەیێنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتییانە دابنرێت و دووبارە و سەدبارە نەبنەوە، وەکو ئێستا بەدیدەکرێت."

دەستەکە لە راگەیێندراوەکەدا داوا دەکات، دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، "چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن."

لە کۆتایی دەستەکە دڵنیایی داوە، "ئێستا بارودۆخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمان وایە مادەی 140 بنەما گشتییەکەی چارەسەربوونی یەکجاریی کێشەکانە. لەم بارەیەوە روو دەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیر و فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغداد، توانا دەستوورییەکانی خۆیان لەئاست جێبەجێکردنی ئەم مادە دەستوورییە بخەنەگەڕ، لە لایەکی دیکەش هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادەڕەویانە."
 
 
رۆژی هەینی 21-04-2023 شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندە دروستبوو. لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕەکەوە، دوێنێ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.
 
عەبدولموتەلیب نەجمەدین گوتیشی، کاژێر 06:00ی ئێوارە شەڕەکە دروستبووە، کاتێک چەند گەنجێکی کورد لەنێو بازاڕدا وەستاون و لەگەڵ ئەو عەرەبانەی لەوێ نیشتەجێن دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە. گوتیشی، "عەرەبەکان رۆیشتوون و دواتر بە خەڵکی زیاترەوە گەڕاونەتەوە؛ خەریک بوو شەڕەکە تەشەنە بسێنێت، بەڵام سوپای عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کرانەوە و لەگەڵ پۆلیسدا دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد، ئێستا دۆخەکە بە تەواوی ئارام بووەتەوە."
 
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە