شڤان پەروەر: رۆژئاڤا لەسەر رێگەی ئازادییە و کاریگەریی لەسەر هەموو کوردستان دەبێت

23-03-2025
سیروان عەباس
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد.
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد.
نیشانەکردن نەورۆزی کۆڵن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد دەڵێت: "رۆژئاڤای کوردستان ئێستا لەسەر رێگەی ئازادییە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەموو کوردستان دەبێت."
 
دوای بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا  کە دەیان هەزار هاونیشتمانی دیاسپۆرا ئامادەی بوون، شڤان پەروەر قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو کرد.
 
شڤان پەروەر گوتی: "لێرە (لە کۆڵن) زۆر کۆنسێرتم کردووە، بەڵام ئەم کۆنسێرتە لە هەمووان رەنگینتر بوو، دڵخۆشی و هیوا هەبوو، هیوای میللەتی کورد باڵا بووە، مۆراڵ بەرزبووەتەوە، کورد سنوورەکان ناهێڵن، سنووری دووژمنان قبووڵ ناکەن. 100 ساڵە میللەتی کوردیان لێک دابڕاندووە، بەڵام ئیدی میللەتی کورد ئەوە قبووڵ ناکات، ئەوە زۆر خۆشە."
 
شڤان پەروەر، پەسنی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و گوتی: "ئەمساڵ نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستانمان بینی، دەستیان خۆش، لە هەموو کوردستان بەڵام بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕاستی دەستیان خۆش."
 
لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و نزیکبوونەوەی لایەنەکان لە رێککەوتن بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق گوتی: "رۆژئاوای کوردستان لەسەر رێگەی ئازادییە و کاریگەریی لەسەر هەموو کوردستان دەبێت. کورد ئەگەر موسڵمان دەبن، کریستیان، ئێزدی، کاکەیی دەبن یان هەر ئایینێکی دیکە دەبن، خاک و ئازادی لە سەرووی هەموو شتێکەوە، با کەس بە ناوی دینەوە نەخەڵەتێ."
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکرد، "عەرەب ئایینی ئیسلام وەکو نەتەوەی بەکاردەهێنن دژی ئێمە، ئەگەر عەرەب، فارس و تورک ویژدانیان هەبێت رێزی کورد دەگرن. کوردیش موسڵمانە، بۆچی وا لە کورد دەکەن؟"
 
شڤان پەروەر داوای لە کەسایەتییە ئایینییەکان کرد کە پرسی خاک و ئازادی بکەنە پێشینە و گوتی: "با مەلای کورد نەڵێن، بۆچی کورد یادی نەورۆز دەکەنەوە، نا، نەورۆز جەژنی جیهانییە، خۆشەویستییە، بەهار و نوێبوونەوەیە، لەبەرئەوە بۆ میللەتی کورد زۆر گرنگە، با کەس کەسی دیکە فریو نەدات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە