سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: هەوڵەکانمان بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەردەوامە

22-02-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "له‌گه‌ڵ تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (يونيتاد) و هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانيش له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانمان به‌رده‌وامين، بۆئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵكوژى و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر ئێزدييه‌كاندا هات، وه‌كو جينۆسايد بناسرێت".
 
رۆژی سێشەممە 22-02-2022 نه‌واز هادى، راوێژكارى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان به‌ نوێنه‌رايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى له‌ رێوڕه‌سمى هه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ش گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى کوردانی ئێزديدا ئاماده‌ بوو، كه‌ له‌ گوندى حه‌ردان سه‌ر به‌ قه‌زاى شنگال به‌ڕێوه‌چوو، وێڕاى كه‌سوكارى قوربانيان و پياوانى ئايينيى ئێزديان، ژماره‌يه‌ك لە به‌رپرسانيش له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تێيدا به‌شداربوون.
 
لە رێوڕه‌سمه‌كه‌دا نه‌وزاد هادى گوته‌يه‌كى به‌ نوێنه‌رايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشكێش کرد و گوتی، "هه‌ڵدانه‌وه‌ى چه‌ند گۆڕێكى ديكه‌ى به‌كۆمه‌ڵى خوشك و برايانى ئێزديمان، لێره‌ له‌ حه‌ردان، هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌يه‌كى ديكه‌ى به‌ خوێن سوورى مێژووى گه‌لى كوردستان و ئه‌م وڵاته‌يه كه‌ هه‌ميشه‌ دووژمنان ويستوويانه‌ قڕى بكه‌ن و له‌ناوى ببه‌ن".
 
نەوزاد هادی ئاماژەی بەوە کرد، "له‌گه‌ڵ تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (يونيتاد) و هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانيش له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانمان به‌رده‌وامين، بۆئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵكوژى و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر ئێزدييه‌كاندا هات، وه‌كو جينۆسايد بناسرێت".
 
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "له كاتێكدا ئه‌وپه‌ڕى هاوسۆزيمان له‌گه‌ڵ یەکە بە یەکەی بنەماڵەی سه‌ربه‌رزى قوربانيان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، ته‌واوى خوشك و برايانى ئێزديمان و هه‌موو لايه‌ك دڵنياده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تى و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، وه‌كو هه‌ميشه پشتيوان و هاوكار و يارمه‌تيده‌رى خوشك و برايانى ئێزديمان ده‌بن، چ لێره‌ لە وڵات، چ له‌ هه‌ر شوێنێكى دونيا بن".
 
دەقی گوتارەکەی نەوزاد هادی:
 
به‌ناوى خواى گه‌وره‌ و ميهره‌بان
 
خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى قوربانيان
 
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
 
سڵاوتان لێ بێت..
 
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سڵاو و ڕێزى جه‌نابى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و هاوخه‌مى و هاوسۆزييان له‌گه‌ڵ ئێوه‌، به‌ هه‌مووتان بگه‌يه‌نم.
 
ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێره‌ين بۆ ئه‌وه‌ى شاهيدى دەرەنجامی تاوانێكى ديكه‌ى تيرۆرستانى داعش، دوژمنانى مرۆڤايه‌تى بين، كه‌ وه‌ك ده‌يان تاوانى دڕنده‌ى ديكه‌، به‌رامبه‌ر به‌ خوشك و برايانى ئێزديمان، ئه‌نجاميان داوه‌.
 
هه‌ڵدانه‌وه‌ى چه‌ند گۆڕێكى ديكه‌ى به‌كۆمه‌ڵى خوشك و برايانى ئێزديمان، لێره‌ له‌ حه‌ردان، هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌يه‌كى ديكه‌ى به‌ خوێن سوورى مێژووى گه‌لى كوردستان و ئه‌م وڵاته‌يه كه‌ هه‌ميشه‌ دوژمنان ويستوويانه‌ قڕى بكه‌ن و له‌ناوى ببه‌ن.
 
ويستوويانه‌ پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و فره‌يى و كولتوورى جوانى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێوان پێكهاته‌كانى گه‌له‌كه‌ماندا بسڕنه‌وه‌ و تۆوى ڕق و كينه‌ و دووبه‌ره‌كى بچێنن.
 
به‌ڵام بێگومان ويست و شه‌ڕخوازييان، هه‌ميشه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خواست و ئيراده‌ى گه‌له‌كه‌مان، چۆكى داداوه‌ و هيچ كوشت و بڕ و كۆمه‌ڵكوژى و فه‌رمانێك، گه‌لى كوردستان و خوشك و برايانى ئێزدى ناچارى ڕاده‌ستبوون نه‌كردووه‌ و ناكات.
 
به‌ڵێ، ئێمه‌ كه‌ ئێستا شاهيدى هه‌ڵدانه‌وه‌ى ژماره‌يه‌ك گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى كه‌سوكار و دايكان و خوشك و برايانى ئێزديمان ده‌بين، برينێكى ديكه‌ى قووڵ و به‌سام، له‌ دڵ و ده‌روونى هه‌مووماندا ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگيز له‌ ئيراده‌مان، له‌ ئيراده‌ى خوشك و برايانى ئێزديمان بۆ ژيان، بۆ به‌رده‌وامى، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى سته‌م، كه‌م ناكاته‌وه‌.
 
مێژوو‌ شاهيده‌ كه‌ هه‌رچى تاوان و كوشت و بڕ و كۆمه‌ڵكوژى به‌رامبه‌ر به‌م گه‌له‌ كراوه‌، هه‌ميشه‌ به‌هێزترى كردووه‌. ئازار و مه‌ينه‌تى به‌هێزترى كردووين و به‌هێزترمان ده‌كات. هه‌رچى فه‌رمانه‌ و به‌سه‌ر خوشك و برايانى ئێزديماندا هاتوون، هه‌ميشه‌ ئيراده‌ى ژيان و به‌رده‌وامى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و ڕاده‌ستنه‌بوونى له‌ هه‌موو تاكێكى ئێزديدا پته‌وتر كردووه‌.
 
ئه‌مڕۆش هه‌ر وايه‌، ڕاسته‌ ئازارمان هه‌يه‌، ڕاسته‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى خه‌ڵكى بێتاوان و مه‌ده‌نيمان، ئاگرێك له‌ دڵماندا ده‌كاته‌وه‌، تاوانێكه‌ و هه‌رگيز بيرناچێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، هێزيكى زياتر به‌ ئێمه‌ و به‌ هه‌موو خوشك و برايانى ئێزديمان ده‌به‌خشێت. زياتر هانمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌پێناو داهاتوويه‌كى باشتردا، داهاتوويه‌كى بێ شه‌ڕ و خوێن، بێ فه‌رمان و كۆمه‌ڵكوژى، ده‌ستى يه‌كتر بگرين و هه‌موو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين.
 
ڕاسته‌ تيرۆرستان خوشك و برايانى ئێزدیمانی كۆمه‌ڵكوژ كرد، به‌ڵام هه‌رگيز ناتوانن وابه‌سته‌يى و خۆشه‌ويستييان بۆ خاك و وڵاته‌كه‌يان، بۆ پيرۆزى و ئايينه‌كه‌يان بكوژن. هه‌رگيز ناتوانن گيانى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكرن و لێبورده‌يى له‌ناو پێكهاته‌كاندا له‌ناو به‌رن.
 
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
 
له كاتێكدا ئه‌وپه‌ڕى هاوسۆزيمان له‌گه‌ڵ یەکە بە یەکەی خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى قوربانييان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، ته‌واوى خوشك و برايانى ئێزديمان و هه‌موو لايه‌ك دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تى و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، وه‌ك هه‌ميشه پشتيوان و هاوكار و يارمه‌تيده‌رى خوشك و برايانى ئێزديمان ده‌بن چ لێره‌ لە وڵات، چ له‌ هه‌ر شوێنێكى دنيا بن.
 
هه‌ر له‌ مه‌جليسى ڕووحانييه‌وه‌ تا هه‌موو ناوه‌ند و خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى ناو ئێزدييان، له‌گه‌ڵ هه‌موويان كار ده‌كه‌ين و له‌ هه‌وڵدا ده‌بين، بۆ گێڕانه‌وه‌ى قوربانييانى ئێزدى بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و داخستنى ئه‌و لاپه‌ڕه‌‌ ڕه‌شه‌ى داعش كردييه‌وه‌.
 
هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عيراق خه‌ريكه‌ و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانييانى ئێزدى قه‌ره‌بۆ بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ياساى ڕزگاربووانى ئێزدى به‌ باشترين شێوه‌ جێبه‌جێ بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ى شه‌نگال بكرێته‌ پارێزگا و ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، تا خه‌ڵكه‌كه‌ى بتوانن جارێكى ديكه‌ بچنه‌وه‌ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵيان و ده‌ست به‌ پرۆسه‌يه‌كى فره‌لايه‌نى ئاوەدانكردنه‌وه‌ و دابينكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان بكرێت.
 
بۆ ئه‌مه‌ش پێمان وايه‌ ده‌بێ ڕێككه‌وتنى شه‌نگال له‌نێوان حكوومه‌تى فيدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا جێبه‌جێ بكرێت كه‌ باشترين چاره‌سه‌رى ئه‌م قۆناغه‌يه‌ و ده‌بێ به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ڵبگيرێن.
 
هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان خواست و ئيراده‌ و گه‌رموگوڕيى ڕۆژى يه‌كه‌مى ده‌ستكردن به‌ پرۆسه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوه‌ ئێزدييه‌كان، دڵنياتان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، تا يه‌ك تاقه‌ خوشك و برايه‌كى ئێزديى ڕفێنراو ماوه‌، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ڕزگاركردنيان به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كه‌سوكاريان، يان يه‌كجارى چاره‌نووسيان ڕوون ده‌بێته‌وه‌.
 
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق (يوونيتاد) و هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانيش له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌للاكانمان به‌رده‌وامين، بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵكوژى و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر ئێزدييه‌كاندا هات، وه‌ك جينۆسايد بناسرێت. بۆ ئه‌وه‌ى تاوانباران بدرێنه‌ دادگا و دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانيانى ئێزدى جێبه‌جێ ببێت. له‌م پێناوه‌دا تا ده‌گه‌ينه‌ ئامانج به‌رده‌وام ده‌بين و هه‌موو ئاماده‌يى و كه‌ناڵه‌كانى په‌يوه‌ندى و تواناكانمان ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ.
 
به‌ڕێزان..
 
ڕابردووى تاڵى ئه‌م وڵاته‌ و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌سات و نه‌هامه‌تيانه‌ى به‌سه‌ر گه‌لانى عيراق و كوردستاندا هاتوون، ئيتر ده‌بێ ببنه‌ په‌ند و وانه‌يه‌كى گه‌وره‌ و هه‌موومان هان بدات به‌رامبه‌ر ئێستا و داهاتووى نه‌وه‌كانمان، به‌رپرسياريه‌تى هه‌ڵگرين و هه‌رچى پێويسته‌ بيكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وه‌كانمان جا له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئايين و پێكهاته‌يه‌ك بن، ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كانى ڕابردوو نه‌ژينه‌وه‌.
 
مێژوو سه‌لماندوويه‌تى، نكۆڵيكردن و سه‌ركوتكردنى پێكهاته‌كان و زه‌وتكردن و پێشێلكردنى مافه‌كانيان له‌م وڵاته‌، ته‌نيا ماڵوێرانى و كاره‌سات و نائارامى و ناسه‌قه‌مگيرى و داهاتوويه‌كى ناديار و ناڕوون له‌گه‌ڵ خۆيدا ده‌هێنێت و هيچى تر.
 
بۆيه‌ وه‌ك جه‌نابى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى چه‌ندين جار دووپاتى كردووه‌وه‌، ئيتر كاتى ئه‌وه‌يه‌ هه‌موومان ڕاستگۆيانه‌ سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين، دان به‌ هه‌ڵه‌كانماندا بنێين، به‌ ڕوانگه‌يه‌كى تازه‌وه‌ سه‌يرى دۆخى وڵات بكه‌ين و چاره‌سه‌رى واقعى بۆ كێشه‌كان بدۆزينه‌وه‌.
 
له‌ كۆتاييدا، ديسان دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو هێز و تواناكانييه‌وه‌، له‌ پشت خوشك و برايانى ئێزدى و ته‌واوى قوربانييانى ده‌ستى تيرۆر ده‌وه‌ستێت و تا كۆتايى به‌رگرييان لێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌ ئاينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانيان پارێزراو بن و جارێكى ديكه‌ كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژى و مه‌ينه‌تى نه‌بيننه‌وه‌.
 
به‌و شێوه‌يه‌ى كه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئازاديى شه‌نگال و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانده‌ييى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، زه‌برى جه‌رگبڕيان وه‌شانده‌ تيرۆرستانى داعش و تێكياشكاندن و شه‌نگال و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ خۆشه‌ويسته‌ بست به‌ بست ئازاد كرا.
 
سوپاس بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دۆستانمان له‌ ئه‌مه‌ريكا و ئه‌ورووپا و له‌ هه‌ر شوێنێكى جيهان، كه‌ خه‌مى خوشك و برايانى ئێزدييان بوو. هاوكار بوون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئازار و مه‌ينه‌تييه‌كانى ئێزدييان و به‌هاناوه‌چوون و يارمه‌تيدانيان.
 
هه‌مووان دڵنيا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى ده‌بێت تا هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان و عيراق، له‌ هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن، ئازاد و پارێزراو بن و هه‌ست به‌ دڵنيايى و ئارامى بكه‌ن.
 
سڵاو له‌ گيانى شه‌هيدان و ته‌واوى قوربانيانى ده‌ستى تيرۆر. سڵاو له‌ گيانى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى بۆ ڕزگاركردنى شه‌نگال به‌ سه‌ركردايه‌تى و فه‌رمانده‌ييى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، گيانيان به‌خشى. بۆ هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى هه‌موويان ده‌يكه‌ينه‌وه‌.
 
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و حورمه‌تمان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە