رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی پەرلەمانی کوردستان دەنگیان داوە، لەنێو کۆی گشتیی دەنگدەرانیش 39٪ـیان نێر و لەسەدا 33٪ـیان مێینە بوون.
رۆژی دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆن ئامارە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو ئامارانە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، کە دوو ملیۆن 87 هەزار و 972 کەسیان دەنگییان داوە، ئەمەش واتا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان 72٪ بووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، حەوت هەزار و 70 بنکەی دەنگدان لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن هەبوون، لەو ژمارەیەش کۆمیسیۆن لە حەوت هەزار و 65 بنکە ئەنجامی وەرگرتووەتەوە، تەنیا ئەنجامی پێنج بنکە ماون بگەیێنرێنە دەست کۆمیسیۆن.
هەروەها کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە، لەو ژمارەیەی دەنگیانداوە، یەک ملیۆن و 133 هەزار و 244 کەسیان نێرینە بوون، کە دەکاتە لەسەدا 39ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، ئەمەش لەکاتێکدایە دەنگی مێینە 954 هەزار و 728 کەس بووە، و دەکاتە 33٪ـی ئەو دەنگدەرە مێینانەی مافی دەنگدانیان هەبووە.
بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەردوو رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، کۆمیسیۆن رایگەیاند، 33 هەزار و 758 نوێنەری حیزبی هەبوون، ئەمە جگە لەوەی 17 هەزار و 15 چاودێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون.
لە رۆژانی 18 و 20ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوون، بڕیارە کۆمیسیۆن ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن رابگەیەنێت و بەگوێرەی ئەنجامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیکەوتوون، پارتی بەڕێژەیەکی زۆر لە پلەی یەکەم دێت و یەکێتی لە پلەی دووەم و نەوەی نوێش لە پلەی سێیەمدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ