رووداو دیجیتاڵ
پژاک داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و رایگەیاند، بۆ یەکگرتوویی زیاتر ئامادەیە ئاڵای کۆماری کوردستان وەکو ئاڵا و سیمبوول قبووڵ بکات.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان -پژاک- لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بەرنامەکانی لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ناوی "رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران" خستەڕوو داوا دەکات پێشەنگایەتیی ژنان بپارێزرێت، هێزەکان خۆیان لە چەمکی "نەتەوەپەرستی و ئەتنیکگەرایی" بەدوور بگرن، هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی ناناوەندی و خۆبەڕێوەبەریی ناوچەکان بدرێت و رەچاوی ماف و ئازادی و یەکسانی خەڵک بکرێت. پێشنیازیش دەکات، کۆمیتە و ئەنجوومەنی رێکخراو بۆ بەرەوپێشبردن و رێکخستنی ناڕەزاییەکان دروست بکرێن.
پژاک داوای یەکگرتوویی لە هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، دەبێ بە مەبەستی یەکگرتوویی دەبێ سیمبوولە هاوبەشەکان قبووڵ بکرێن. لەو چوارچێوەیەدا رایدەگەیێنێت، تاوەکو دامەزراندنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی یان پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی گەلی کورد و دیاریکردنی سیمبوولێکی دیکە، ئاڵای کۆماری کوردستان وەکو ئاڵا و سیمبوولی یەکگرتوویی قبووڵ دەکات.
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان ساڵی 2004 دامەزرا. رێبەرانی ئەو حیزبە دەڵێن، تێڕوانینەکانیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، نزیکە، بەڵام بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، لەلایەن پەکەکەوە دامەزراوە و سەر بەو حیزبەیە.
پژاک ساڵی 2017 دوای تەواوبوونی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە و هەڵبژاردنی رێبەرییەکی نوێ بۆ ئەو حیزبە، پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانییەتیێکی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەڵام بەشێک لەو حیزبانە پێشنیازەکەیان رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ