پارێزگاری دهۆک: بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێ کراون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتدا زیاتر لە 1370 پڕۆژە لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەتەوە لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێ کراون، کە گوژمەکەیان دەگاتە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار.
 
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی دووسایدی لالش - شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک دانرا. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە رێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک داتا و زانیاری لەسەر ژمارە و گوژمەی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێکراون، خستەڕوو.
 
عەلی تەتەر گوتی، لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تەنیا حکومەت زیاتر لە هەزار و 314 پڕۆژەی لە پارێزگای دهۆک بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 109 ملیار دینار جێبەجێکردووە.
 
پارێزگاری دهۆک باسی لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتیش کرد و گوتی، 65 پڕۆژەش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە گوژمەی تریلیۆنێک و 89 ملیار دینار جێبەجێ کراون.
 
بە گوتەی عەلی تەتەر، 161 پڕۆژە بە گوژمەی 296 ملیار و 587 ملیۆن دینار پشکی قەزای شێخان بوون "کە 126 پڕۆژەیان جێبەجێکراون، 15 پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها 20 پڕۆژەش لە قۆناخی تەندەریندان و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردی بناخەیان دادەندرێت."
 
قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک دوای قەزای ئامێدی، زۆرترین گوندی لەخۆگرتووە. 
 
عەلی تەتەر گوتی، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە رەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە لە ناوەندی قەزای شێخان و گوندەکانی دەوروبەری دراوە کە "گوژمەکەیان دەگاتە 10 ملیار و 672 ملیۆن دینار کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردی بناخەی زۆربەی ئەو پڕۆژانە دادەندرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە