رووداو دیجیاڵ
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ خاوەن کارگەکانی سلێمانی و هەولێر کردووە تاوەکو ئەو گرفتانەی هەیانە بۆیان چارەسەر بکرێت. راشیگەیاند، "لە هەوڵداین نرخی کارەبا بۆ کارگەکان هەرزان بکەین."
زۆری کێشەکانی کەرتی پیشەسازی و مەترسیی داخرانی کارگەکانی کەرتی تایبەت و چۆنیەتی پێشخستنی ئەو کەرتە، لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، بە میواندای هەریەک لە کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان؛ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان؛ زانا یاسین، نوێنەری کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە هەرێمی کوردستان؛ ئاسۆ عەبدوڵڵا، خاوەن کارگە لە سلێمانی و دلاوەر سۆفی کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
سەبارەت بە بەدواداچوونەکانیان بۆ کێشەی کارگەکان، کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کە میوانێکی بەرنامەکە بوو، رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو خاوەن کارگەکانی سلێمانی کردووە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ خاوەن کارگەکانی هەولێر کردووە، پێشتریش لەگەڵ جەنابی وەزیر و جەنابی بریکاری وەزیر کۆبوونەوەمان کردووە، چەند مانگ جارێک کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن کارگەکان دەکرێت بۆ خستنەڕووی ئەو کێشە و گرفتانەی هەن و بەرزکردنەوەیان بۆ چارەسەرکردن."
بە گوتەی کۆڤان جەلال، هەرچی ئەو کێشانەی خاوەن کارگەکان هەیانە "لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران باسیان لێوە کراوە، چەندین جار نووسرای فەرمیمان کردووە. بەشێک لەو کارانەی کە پێویست بووە بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر کارگەکان پێش بخەین، ئەوە راستە کە دەبێت پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی چالاک بکرێت. ساڵی رابردوو کارمان لەسەری کرد و یاساکە دەرکرا، بەڵام گرفتێکی تێدابوو، یەکێک لە ماددەکان لە پەرلەمان گۆڕانکاریی تێدا کرابوو."
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی پێیوایە، کارەبا یەکێک لەو کێشانەیە کە رووبەڕووی کارگەکان دەبێتەوە و دەڵێت: "لە هەوڵداین نرخی کارەبا بۆ کارگەکان هەرزان بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی دووشەممە 22-8-2022 کۆبوونەوەمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو گرانییەی لەسەر شانی خاوەن کارگەکان هەیە کەمی بکەینەوە."
سەبارەت بەو کارگانەی کە پێشووتر لە هەرێمی کوردستان هەبوون و ئێستا داخراون، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان دەڵێت: "چەندین بازرگان دەناسم، بۆ نموونە ساڵی 2021 و ئەو ئامارەی لای منە 16 کەس لە بازرگانان و خاوەنکارانی ئێمە چوونەتە تورکیا و خوارووی عێراق، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار سەرمایەیان لەگەڵ خۆیان بردووە."
بە گوتەی گەیلان حاجی سەعید، تەنیا ئەوانەی ئەو دەیانناسێت: "شەش کارگەی خەڵکی هەولێر و سلێمانی لە شارەکانی غازی عەنتاب و چەند شارێکی دیکە دامەزراون، لەگەڵ بەشێکیان دانیشتووم گلەیی و گازندەکانیان ئەوە بووە، دەڵێن، ئەو خزمەتگوزاری و ئاسانکارییەی لێرە هەمانە لەوێ پێمان ناگات، ئەو پشتیوانیەی کە لێرە دەکرێن لەوێ [هەرێمی کوردستان] ئەو پشتیوانیەمان ناکرێت."
گەیلان حاجی سەعید دەڵێت: "ئەوەی ئێمە رۆژانە لەو خاوەن کارگانە و بازرگانانە گوێمان لێدەبێت، بێگومان ئەو پێویستیانەی کە حکومەت لەسەریەتی بۆ خاوەن کارگەکان بیکات، وەکو پێویست نەکراوە. هاندان هەیە بۆ خاوەن کارگەکان، بەڵام گرفتی تێدایە. بۆ نموونە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ خاوەن کارگەکان، بەڵام ئەو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە کە دەکرێت، لە هەمان کاتدا بەخشین بۆ لایەنێکی دیکە یان بۆ کارگەیەکی دیکە لە هەمان بەرهەم، ئەمە دژیەکە لەگەڵ یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ کە هاوسەنگی بازرگانی تێکدەدات و کاریگەریشی لەسەر کارگەکان دەبێت."
دلاوەر سۆفی کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاماژەی بە رووپێوێک کرد کە لە ساڵی 2017 لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت چەند کارگە لە سلێمانی داخراون، بە گوتەی ئەو بەپێی ئەو رووپێوە "دەرکەوت کە 43٪ی کاردەکەن."
دلاوەر سۆفی کەریم ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەوان لە دوایین ژمارەی رۆژنامەی پیشەسازی و بازرگانی بە چارەسەرەوە کێشەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازیان خستووەتەڕوو لەوانە: "نەبوونی کارەبا و گرانی نرخی کارەبا و سووتەمەنی، زۆری گومرگ و باج، نەبوونی ناوچەی پیشەسازی، نەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، رۆتینیاتی کارگێڕی، لاوازی سیستمی بانکی و بیمەیە."
دلاوەر سۆفی کەریم کێشەیەکی دیکەی بەردەم کەرتی پیشەسازی ئاماژە پێدەدات و دەڵێت: "لە سلێمانیدا کە بە گەورەترین شاری پیشەسازی هەژمار دەکرێت، بەڕێوەبەرێکی گشتی لێ نییە، دەبێت بۆ واژۆیەک لە سلێمانییەوە بچیت بۆ هەولێر."
بە گوتەی دلاوەر سۆفی کەریم: "لە هەموو دونیادا بەرهەمی ناوخۆ لە پیشەسازی بچووک و مامناوەندیدایە، بەڵام لێرە گەورەترین بەربەست دەخرێتە بەردەمی گەنجەکان."
زانا یاسین، نوێنەری کۆمپانیای ماددە پاککەرەوەکان لە هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامەکە بوو و پێیوابوو، گیروگرفتەکانیان ئەوەندە زۆرن، بە چەندین کاژێر باسی لێوە بکەن تەواو نابێت و دەڵێت: "یەکێک لە گیروگرفتەکانمان کرێی کارەبایە، نرخی پێشوو 60 دینار بوو بۆ کیلۆواتێک، بەڵام ئێستا 157 دینارە، ئێمە داوا دەکەین ئەگەر نەشگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوو هاوتای نرخی بەغدای لێبکرێت."
زانا یاسین، لابردنی گومرگ لەسەر کەرەستەی خاو بە یەکێکی دیکە لە چارەسەری گرفتەکان دەزانێت و دەڵێت: "حەقە گومرگ لەسەر کەرەستەی خاو نەمێنێت، بەلایەنی کەم 1 تاوەکو 2٪ بێت، گومرگیش بخرێتە سەر کەرەستەی ئامادە وەکو فاستی ئامادە."
نوێنەری کۆمپانیاکانی ماددە پاککەرەوەکان لە هەرێمی کوردستان، "رۆتینیاتی فەرمانگەکان"ـی بە یەکێکی لە گرفتەکان زانی و دەڵێت: "ئەگەر ئەو سێ خاڵەمان بۆ جێبەجێ بکرێت، بڕوا بکەن پاش چەند ساڵێکی دیکە ببینن چەندین هەلی کار دەڕەخسێندرێت."
ئاسۆ عەبدوڵڵا، خاوەن کارگەی دروستکردنی بۆیلەرە لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەیەک کارگە لە هەرێمی کوردستان هەن بۆ دروستکردنی بۆیلەر "هیچی لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچوون و وەزارەتی پیشەسازیم لێ ئاگادارکردووەتەوە، ئەو کارگانە هی ناوخۆن و هیچیشیان مۆڵەتیان نییە."
بە گوتەی ئاسۆ عەبدوڵڵا، ئەو کارگانە بۆ دروستکردنی ئەو بۆیلەر: "پلێتی رەش بە ئاوکاری زینک بەکاردەهێنن کە کاریگەری دەکاتە سەر پێست و شێرپەنجەی پێست. هەندێک بۆیلەر لە ئێرانەوە دێت ئاوکاری تێدا دەکرێت، واتا پلێتی رەشە دەکرێتە ناو زینک بە پلەیەکی گەرمی زۆر کەم، تاوەکو ئێستاش ئەو جۆرە بۆیلەرانە لە ئێرانەوە دێتە کوردستان و پشکنینی بۆ ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ