چوار وەزارەت و دەستە لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

21-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لیستی ناوی بەربژێران ئاراستەی ژمارەیەک دامەزراوە دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی وردبینیکردن و یەکلاییکردنەوەی شیاوبوونیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەمانەوێت لە شیاویی بەربژێران دڵنیاببینەوە."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەی تایبەتمەندی کۆمیسیۆن کار لەسەر وردبینیکردن و شیکردنەوەی داتا و زانیاریی وەرگیراوی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ ناردنی لیستی ناوەکان بۆ چوار دامەزراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە شیاویی ئەو بەربژێرانە." 
 
جومانە غەلای گوتی، "هەنگاوی دواتر ئەوەیە لیستی ناوی بەربژێران بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنێردرێت." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "دوای ئەوەی ئەنجامی وردبینیکردن لە بەربژێرانمان وەرگرتەوە، تیروپشکیان بۆ دەکرێت." 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، لە رۆژی ناردنی لیستی ناوی بەربژێرانەوە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە 15 رۆژ لەبەردەم ئەو دامەزراوانەیە بۆ ئەوەی وردبینی لە شیاوبوونی بەربژێران بکەن و کۆمیسیۆن لە ئەنجامەکەی ئاگاداربکەنەوە.
 
رۆژی 18ـی تەممووز، دوایین رۆژ بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
2 هاوپەیمانی و 13 حیزب بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، 19 کەس لە پێکهاتەی کریستیان خۆیان بەربژێر کردووە و دابەشبوونەکەشیان بەم جۆرەیە: لە هەولێر 7 کەس، لە سلێمانی 4 کەس و لە دهۆک 8 کەس. 
 
20 کەسیش لە پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەربژێرکردووە کە بەمشێوەیە دابەشبوون، هەولێر 14 کەس و سلێمانی 6 کەس. 
 
هەر بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن، 85 کەسیش وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024ـی بە وادەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."