وەزارەتی ناوخۆ 48 بنکەی دیکەی تۆمارکردنی چەک دەکاتەوە

21-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن وەزارەتی ناوخۆ چەک
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 48 بنکەی دیکەی بۆ تۆمارکردنی چەک کردووەتەوە، بەمەش ژمارەی ئەو بنکانەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون، گەیشتنە 90 بنکە.  
 
رۆژی چوارشەممە 21-6-2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەمەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی تاوەکو رۆژی 21ـی تەمموزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە فەرمانی (رێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو".
 
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانە بکەن، کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانیان بێ بەرامبەر تۆماربکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لەگەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بکات، ئەگەر پێویستی بێت، یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئاییندەدا بە چاودێریی وەزارەتی ناوخۆ، دەکرێنەوە. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "خەڵک وردە وردە دێن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان و پرسیار دەکەن و داوای روونکردنەوەش دەکەن، ئێمەش لە رێگەی دەزگاکانی خۆمان و دەزگاکانی میدیاوە روونکردنەوەی پێویست دەدەین".
 
هۆشداریش دەدات لەوەی لەدوای تەواوبوونی مۆڵەتی تۆماکردنی چەک، کە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە "سزای ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بە زیندانیکردن و پێبژاردن دەبێت".
 
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکرا، بریتی دەبێت بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەگوێرەی یاساکە، مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک تووند کراون لەچاو یاسای پێشوو. ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنیی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 
رۆژی سێشەممە 27-12-2022، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد؛ هەر کەسێک چەکی (تەنیا چەکی ئاگرین: واتا دەمانچە و کڵاشینکۆف)ـی لە ماڵەوە هەیە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نییە، لە دوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکات بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی. 
 
لە ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 20 بازاڕ و شوێنی فرۆشتنی چەک لە هەرێمی کوردستان داخراون و کڕین و فرۆشتنی چەک تێیاندا قەدەخەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە