رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکارى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دەقی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، دەرفەت بۆ زیادبوونى پشکى هەرێمى کوردستان و جێگیریى بڕەکەى دەدات هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە. سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئیتر پاساو و بیانوو نەماوە بۆ جیاکردنەوەی هەرێمى کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق."
"رستەیەک پشکى هەرێمى کوردستان زیاد دەکات"
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کرد و دەستەواژەیەکى لابردووە کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان "نابێت زیاتر بێت لە داهاتى نەوتى داهاتى دەروازە سنوورییەکان."
رۆژی 21ى ئایارى 2023 ئەو بڕگەیە لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پەسندکرا، بەمەبەستى جێگیرکردنى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەرلەوەى لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر بدرێت.
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبوو، ئەگەر نرخى نەوت بەرزبێتەوە و داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان زیادبکات، پشکى هەرێمى کوردستان ناگۆڕێت، لە کاتێکدا پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساکە کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
رۆژی 21ى ئایارى 2023، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی2ى ئایارى 2023 داڕشتەى نوێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسندکرد، ئەو داڕشتە نوێیەى ئاڕاستەى لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق کردووە کە کۆت و بەندەکانی سەر شایستەی دارایی مانگانەی هەرێمی کوردستانی لابردووە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە دەکات لە بەدەستهێنانی پشکی خۆی لە بودجەدا.
ئامانج رەحیم رایگەیاند، ئەو دەستەواژەیە لادراوە کە ئاماژە بەوە دەکات پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى نابێت زیاتر بێت لە رێژەى 12.67%ى داهاتى کردەیی نەوتى و دەروازە سنوورییەکان و "ئەو دەستەواژەیە هیچ نرخێکی بۆ ژمارەکانی هەرێمى کوردستان لە ناو خشتەکانی بودجەکە نەدەهێشتەوە کە ئەنجومەنی وەزیران لایدا."
داهات بۆ یەک سەبەتە
یەکێک لە بڕگەکانى دیکەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق لە مادەی 14ى پڕۆژەیاساکەدایە کە خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى هەژمارى دەوڵەتى عێراق و کۆى خەرجى کردەیی دابنرێت، کە بە گوتەى سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە بودجەکانى پێشوودا نەبووە.
ئامانج رەحیم ئاماژەى بەوەدا، بڕیاردراوە لە بڕگەی دووەم/ج لە مادەی 13 و بڕگەی دووەمی مادەی 14 لە پڕۆژەیاساکە خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هەژمارى دەوڵەتى عێراق و کۆى خەرجى کردەیی دابنرێت؛ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەو شێوەیەش خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان خراوەتە نێو کۆى خەرجى کردەیی عێراق کە پێشتر لە یاساکانی بودجەی عێراق لە رابردوو بەو شێوەیە هەژمار نەکراوە و هەرێمی کوردستانیش مانگانە بە داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆ و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی بەشداری لە زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق دەکات.
مادەى 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق، تایبەتە هەژمارى بانکى تایبەت بە داهاتى فرۆشى نەوتى هەرێمى کوردستان بە وردبینیکردنى هەژمارە بانکییەکە لەلایەن دیوانى چاودێری دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بە هاوئاهەنگى وەزارەتی نەوت و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکى نێودەوڵەتى.
هەروەها لەو بڕگەیەدا هاتووە، "وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان تۆمارى مانگانەى داهات و خەرجى، رادەستى دیوانى چاودێرى دارایی دەکات و داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستانیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتى فیدراڵ تۆمار دەکرێت."
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئەو بڕگەیە، پشکى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق جێگیر دەبێت.
ئەو پشکەى هەرێمى کوردستان، وەک خەلیل دۆسکى دەڵێت، "ناگۆڕێت ئەگەر دۆخیش زیاد و کەم بکات، بانکى ناوەندى چۆن کورتهێنانى پارەداکردنى بودجەى وەزارەت و پارێزگاکانى دیکە پڕدەکاتەوە، ئاواش رێگر دەبێت لە کورتهێنانى پشکى هەرێمى کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ