رووداو دیجیتاڵ
لە رانییە دوو کەس کە هەڵگری کۆنیشانەی داون سیندرۆمن لە چایخانەیەک کاردەکەن و بە رووخۆشیی خۆیان بازاڕی چایخانەکەیان گەرمکردووە.
ئاراس و محەممەد ئەو دوو کەسەن کە کۆنیشانەی داونیان هەیە. ئاراس تەمەنی 53 ساڵە و محەممەدیش تەمەنی 39 ساڵە. ئەوان برا نین، بەڵام پێکەوە شاگردی یەک چایخانەن. رۆژانە 11 کاژێر لەگەڵ وەستا حەیدەر کاردەکەن.
حەیدەر عومەر، خاوەنی چایخانەکەیە و دەڵێت، ''پێویست ناکات پێیانبڵێم، خۆیان ئیشەکە دەزانن، پیاڵە هەڵگرتنەوە، مێز پاکردنەوە، شت کڕین بۆ دووکانەکە، هەمووی لەسەر ئەوانە، یەک رۆژ دیار نەبم دێنە ماڵەوە دەڵێن بابە حەیدەر نابێ نەخۆش بکەویت.''
ئاشنایەتی وەستا حەیدەر و ئاراس دەگەڕێتەوە بۆ 34 ساڵ بەرلە ئێستا. ئاراس لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە لەگەڵ وەستا حەیدەر کاردەکات. محەممەدیش ماوەی 5 ساڵە لەم چایخانەیە کاردەکات.
محەممەد مەحموود، دەڵێت، ''خزمەت دەکەم، قاپ دەشۆمەوە و مێز پاکدەکەمەوە، دەچمەوە ماڵێ دەڵێم بابە حەزت لەچییە بەسەر ئەو چاوەم.''
رووخۆشی و مامەڵەی ئاراس و محەممەد، بازاڕی وەستا حەیدەری گەرمتر کردووە.
ئاراس و محەممەد هەردووکیان داون سیندرۆمیان هەیە، بەڵام ئاراس 33 ساڵ و محەممەدیش چوار ساڵە لە چایخانەی وەستا حەیدەر وەک شاگرد کاردەکەن، توانیویانە خەڵکێکی زۆر بۆ چایخانەكە رابكێشن و بوونەتە جێگەی سەرنجی خەڵکی و بەردەوام چایخانەكە قەرەباڵخە.
ئەسکەندەر ئەحمەد، هاونیشتمانییەکە و بۆ چاخواردنەوە رووی لەو چایخانەیە کردووە، دەڵێت: "ئێمە لە هەولێرەوە هەر کاتێک بێینە راپەڕین سەردانی ئەو چایخانەیە دەکەین، ئەوانە مادام کاسپی دەکەن جێگای شانازین بۆ خەڵکی دەڤەرەکە، دواکارم خەڵک رێزیان لێ بگرێت.''
ئاراس و محەممەد، وەستا حەیدەر بە باوکە بانگدەکەن، تاوناتاوێک باوەشی پێدادەکەن و ماچی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ