رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک کە باوکی 25 منداڵە، هەفتەی رابردوو لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی شوێنەکەی دەستپێکردووە.
حەربی جەمیل خالد، کوڕە خوشکی ئەو هاونیشتمانییە ونبووە ( عەبدوڵڵا ئیسماعیل مەحموود ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە یەکشەممەی رابردووەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە، گوتیشی، "چووەتە دهۆک بۆ ئەوەی مامەڵەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک تەواو بکات، لەوکاتەوە بێسەروشێنە."
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە بارەی ونبووەکەوە بە رووداوی گوت، کەسوکارەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە و لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی شوێنەکەی.
حەربی جەمیل خالد، باسی لەوەش کرد، عەبدوڵڵا ئیسماعیل سێ هاوژین و 25 منداڵی هەیە، گوتیشی، "دوو هاوژینی لە کۆمەڵگەی چڕە و هاوژینەکەی دیکەیشی لە پارێزگای سلێمانییە."
بەگوتەی ئەو کوڕە خوشکەی ( عەبدوڵڵا ئیسماعیل مەحموود )، ئەوان پۆلیسی دهۆک و سلێمانییان لەو رووداوە ئاگادارکردووەتەوە، باسی لەوەش کرد، "لە کامێرای چاودێرییەوە ئۆتۆمبێلەکەی تاوەکو دووڕییانی شێخان دەردەکەوێت."
حەربی جەمیل ئەوەی روونکردنەوە، "عەبدوڵڵا ئیسماعیل مەحموود، هیچ کێشەیەکی دەروونی، خێزانی و قەرزاریی نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ