رووداو دیجیتاڵ
شڤان پەروەر و ناسر رەزازی، دوو دەنگی دلێر کە بە لووتکەی هونەری کوردی دەناسرێن، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین کاژێر گۆرانییان چڕی بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز و ساڵی 2724ی کوردی.
گالای نەورۆز ناوی ئەم کۆنسێرتەیە و رووداو رێکیخستووە، جگە لەو دوو هونەرمەندە، چەند گرووپ و هونەرمەندی بەنێوبانگی دیکەش شەوی نەورۆزیان پڕ گۆرانی و ئاواز کرد.
فرمێسک خانمە دەنگ ئارامەکەی رۆژهەڵات، کەویار سەدای هەڵەبجە و هەورامان، سەفقان ئۆرکەش دەنگی رۆژئاوا، هەژار زەهاوی و دەفەکەی، گرووپی جۆلەمێرگ دەنگی چیاکانی باکووری کوردستان، هەروەها ئاشتی عەزیز دەنگی لاوک و حەیرانی هەولێریان.
فرمێسک لەبارەی نەورۆزەوە بە رووداوی گوت، "جەژنی یەکێتی کوردانە و ئەمشەو بۆ من زۆر خۆشە کە لەگەڵ هونەرمەندی بەڕێز و خۆشەویستی گەورەی کورد لێرە کۆبووینەوە و بەرنامەیەکی نەورۆزی پێشکێش بە چوارپارچە دەکەین".
هەروەها شڤان پەروەر باسی لەوە کرد، "سوپاسی نەتەوەی کورد دەکەم کە نەورۆز گەیشتە ئاستێکی زۆر زۆر بەرز، نە فارس و نە ئەفغان و نە کازاخەکان و هیچ نەتەوەیەکی دیکە وەک ئێمە نەورۆزیان پیرۆز نەکرد".
کەویار ئاماژەی بەوە کرد، "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم و شانازییە بۆ من لەگەڵ هەر یەکێک لەو مامۆستایانە [گۆرانی دەڵێین] کە ساڵانێکە گۆرانی دەڵێن و هونەر بە جوانی بۆ ئێمە دەکەن".
ناسر رەزازیش گوتی، "هیوادارم کە ساڵی تازە، ساڵی داهاتوو، ئەم نەورۆزە ساڵی یەکگرتوویی حزبەکانمان بێت و ساڵی یەکگرتوویی گەلی کوردبێت بۆ ئەوەی بەڕاستی ئێمە بتوانین بە مافەکانی خۆمان بگەین".
کۆنسێرتەکە خێزانی بوو و ئامادەبووان کارمەندانی رووداو و بنەماڵەکانیان بوون، لەگەڵ ژمارەیەک میوان.
مزگین جان، یەک لە ئامادەبووانی گالاکە بوو، بە رووداوی گوت، "دەنگی مامۆستا شڤان پەروەر بۆ من زۆر خۆشبوو، ئەو وەک سەرۆکی هونەرمەندەکانە".
دنیا عەبدوڵازادە، ئامادەبوویەکی دیکەی کۆنسێرتەکە بوو، "بۆ ساڵی تازە هاتووین، لەبەر نەورۆز هاتووین بۆ هەولێر و ئەم کۆنسێرتەش زۆر خۆشە و دەستتان خۆشبێت".
کۆنسێرتی گالای نەورۆز لە کاژێر 9ی شەوی 20-03-2024 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 5 کاژێر بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ