رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ لە چاوەڕوانی، هەڵەبجەييەکان دڵخۆشن بە دەستپێکردنی پڕۆژەی پردی توەقووت کە بە "يەکێک لە باشترين پڕۆژەی ستراتيجیی پارێزگاکە"ی دەزانن.
ئەنوەر حوسێن، هاونيشتمانییەکی خەڵکی هەڵەبجەیە و دەڵێت، "ئێمە سوپاسی حکومەت دەکەين ئەگەر ئەم پردە بەس بەردی بناخە نەبێت، بەزووترين کات ئەگەر ببەسترێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە پردی پەيوەندييە بۆ کەلار، سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، پردی پەيوەندييە بۆ گەشتياران و هەلی کارە بۆ کۆمەڵێک گەنجی ئەم شارە، داواکارين ئەم پڕۆژە بەجێنەهێڵن."
بەگوتەی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، تەواوبوونی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی دابينکردنی هەلی کار و گرنگیی زۆری ئابووری و گەشتياری دەبێت بۆ پارێزگاکە.
شاهين حەمە رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، "ديارە وەک ئاگادارن سبەی جەنابی کاک مەسرور بارزانی و کاک قوباد تاڵەبانی و وەزيرە بەڕێزەکان دێن بۆ کردنەوەی پردی توەقووت، وەک دەزانن پردی توەقووت گرنگييەکی زۆری هەيە و ئاواتی هەموو خەڵکی هەڵەبجە و دەڤەرەکەيە، دەرگايەکی دیکە بۆ هەڵەبجە دەکرێتەوە لەڕووی بازرگانی و گەشتيارييەوە، گرنگی زۆری هەيە و دەستی کار دەکاتەوە لە ناوچەکە."
پڕۆژەی پردی توەقووت، تەنیا بریتی نییە لە پردەکە، بەڵکو پرد و رێگاکەیەتی، تەنیا رێگاکەی 27 کیلۆ مەترە، هەروەها درێژیی پردەکە 250 مەترە، پڕۆژەکە بە 720 رۆژ تەواو دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ