مەسرور بارزانی لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک: لە ئەمڕۆوە زیاتر به‌ کوردی تویت دەکەم

21-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەڵێت، با زمانی کوردی لە پێگەكان و سۆشیاڵمیدیادا زیاتر بەکاربهێنین. لە خۆمەوە دەستپێدەکەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر به‌ کوردی تویت دەکەم.
رۆژی سێشەممە 21-2-2023 کە هاوکات رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر نوسیویەتی "رۆژی زمانی دایک، لە گشت کوردستانییان و نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان پیرۆز دەکەم. پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، ئەرکی هەموومانه‌."
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە "با زمانی کوردی لە پێگەكان و سۆشیەڵ میدیادا زیاتر بەکاربهێنین." دەشڵێت "لە خۆمەوە دەستپێدەکەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر به‌ کوردی توویت دەکەم." 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها دەشڵێت "چه‌ند بڕیارێكی گرنگ بۆ پاراستنی زمانی كوردی ده‌رده‌كه‌ین."
 
رۆژی 21-2ـی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە. 

 

 
مێژووی زمانی دایک
 
مێژووی زمانی دایک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952و پاش سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی 1946. دوای ئەوەی پاکستان لە هیندستان جیابووەوە کە ئەو کاتە ویلایەتی بەنگلادیش بەشێکی لکێنراوبوو بە پاکستانەوە. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای پاکستان بوو. بەشی رۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچارکرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن لە هەموو بوارەکانی ژیانییاندا.
 
ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و، ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
 
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند و، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا. ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.
 
زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی
 
زمانی کوردی پێنج زاری سەرەکی هەیە و هەر زارێکیش لە چەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن:
 
شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی  
 
شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسیم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها)
 
شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی
 
شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی
 
شێوەزارەکانی کورمانجیی ناوەند: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دیدارەکە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئيسماعيل بێشكچى دەکات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئيسماعيل بێشكچى کرد و لە دیدارەکەدا "سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌".