رووداو دیجیتاڵ
لە نێو قەیسەریی هەولێر، لوقمان حەکیم، پیشەگەرێکی بەتەمەن، بۆ ماوەی 40 ساڵە سەرقاڵی کاری دەستییە. بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت و بەردە جۆراوجۆرەکانی جیهان دەکاتە تەسبیح، ملوانکە و بازن. لوقمان دەڵێت، ئەم پیشەیە میراتی خێزانییە و لە باو باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە.
لوقمان ئاماژە بەوە دەکات کە کوردستان خاوەنی بەردی بەنرخ و جوانی زۆرە، بەڵام ئامێری پێشکەوتوو بۆ پۆلیشکردن و کونکردنیان نییە. ئەو جۆرەها بەرد و ماددەی وەک مەرجان، قۆچی فیل، مامزی کێوی، بزنی کێوی و داری خوێن بەکاردەهێنێت.
دووکانەکەی مام حەکیم لە قەیسەریی هەولێر بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و کڕیارانی تایبەت، کە زۆربەیان لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی دەکەن.
بەشێکی زۆری بەردەکان لە وڵاتانی وەک هیندستان، یەمەن و ئەفریقاوە دەهێنرێن.
لوقمان باس لەوە دەکات کە گرانترین تەسبیح کە فرۆشتبێتی بە بڕی دوو هەزار و 500 دۆلار بووە کە لە بەردی کارەبایی دروست کرابوو. هەروەها لە دووکانەکەیدا چەندین تەسبیحی کۆن هەن کە تەمەنیان سەد ساڵ زیاترە و لە قۆچی مامز، ئێسکی قۆچی فیل و لولو مەرجان دروست کراون.