رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، بەربەست لە بەردەم کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نەماوە و گوتی، "کۆبوونەوەیەک لە ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا دەکرێت".
رۆژی شەممە، 21-1-2023، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەربەست نەماوە لەبەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوە و هەردوولا لە ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆدەبنەوە."
مستەفا چاوڕەش گوتی: "ژیانی خەڵک زۆر خراپە، پێویستە زوو ئەم دۆخە چاک بکرێت، کۆبوونەوەی تاکەکەسیی سەرکردەی هەردوو حیزبەکە کۆتاییهاتووە، چەندین خاڵی گرنگیان خستووەتە بەردەم یەک و ئیستا دۆخی نێوان هەردوولا بەرەو باشبوون رۆیشتووە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە مەکتەبی سیاسییەکان کۆببنەوە و خاڵەکان تاوتوێ بکەن".
مستەفا چاوڕەش دەڵێت "وڵاتانی چواردەور چاویان لەسەرمانە، پێویستە نەهێڵین ناکۆکییەکانمان درێژە بکێشیت و هەردوولا بە یەکدەنگی بچنە بەغدا"
پارتى و یەکێتى بۆ کۆبوونەوە و رێککەوتنیان، چەند پرسێک یەکلایی دەکەنەوە؛ گرنگتریینیان، پرسى ئەمنى، داهاتى فرۆشتى نەوت و ئەگەرى هەناردەکردنى گازى سرووشتى، شێوازى حکومڕانى لە هەرێمی کوردستان، هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن، پێداچوونەوە بە رێککەوتنى 57 بە 43ـى داهاتى نێوخۆ بۆ تەواوکاریى مووچە.
رۆژی 04-01-2023، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زەمینەسازی هەیە بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، چاوەڕێی یەکێتی دەکەین کاتی کۆبوونەوە دیاری بکات." دەشڵێت، پارتی و یەکێتی کۆببنەوە "دەگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکی نوێ."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیێنێت، "پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و پێویستە ئەو دوو حیزبە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن." دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی پێویستیان بە نێوەندگیر نییە بۆ کۆبوونەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ