رووداو دیجیتاڵ
هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی خانەنشینبوونی سەرکەوت حەسەن دوورە لە راستییەوە و رۆژی 21-12-2022 بە فەرمی خانەنشین دەبێت.
چەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاویانکردەوە کە فەرمانی خانەنشینبوونی سەرکەوت حەسەن ناسراو بە سەرکەوتی کوبە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، تائێستا فەرمانی کارگێڕیی خانەنشینبوونی سەرکەوت حەسەن و چەند بەرپرسێکی پلەباڵای دیکە هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی چوارشەممە 21-12-2022، سەرکەوت حەسەن بە فەرمی خانەنشین دەبێت و تەنیا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت تەمەنی وەزیفی درێژبکاتەوە.
سەرکەوت حەسەن، کە پلەکەی لیوایە و پێشتر بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بووە، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان خانەنشین کراوە. لەبارەی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خانەنشینبوونەکەی، رووداو پەیوەندی بە خۆیەوە کرد و گوتی، "منیش لە راگەیاندنەکانەوە هەواڵەکەم بیستووە."
لە 21-11-2022، فەرمانی خانەنشینبوون بۆ سەرکەوت حەسەن و چەند بەرپرسێکی پلەباڵای دیکە دەرچوو. رۆژی 21-12-2022، سەرکەوت حەسەن بە فەرمی و بە فەرمانی هەرێمی خانەنشین دەبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری داوە گۆڕانکاری لە چەند بەرپرسێکی تیمەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات، لەوانە بڕیاری داوە لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت و بۆ جێگرەوەشی سەرکەوت حەسەنی بەربژێر کردبوو.
سەرکەوت حەسەن لەوبارەوە پێشتر قسەی بۆ رووداو کردبوو و گوتی: "یەکێتی منی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، رێککەوتنیشی لەسەر کراوە و نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانیش نێردراوە، خانەنشینکردنەکەم بۆ ئەوەیە ئەو پۆستە وەرنەگرم، سەرەتا کە نووسراو کرا بڕیارەکەیان جێبەجێنەکرد و دوای فەرمانی خانەنشینبوونەکە دەردەکەن، ئەوە کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی دروست دەکات."
سەرکەوت حەسەن، پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی ماوەیەک بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بوو، بەڵام لە دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندی بە بزووتنەوەکە کرد، لە کابینەی هەشتەم، بریکاری وەزیری ناوخۆ بوو لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان.
رۆژی 30-10-2014، نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ سەركەوت حەسەن وەك بریكاری وەزارەتی ناوخۆ دەركرد، كە بەپێی رێككەوتنی لایەنەكان لە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت ئەو پۆستە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
دوای نۆ ساڵ کارکردن لە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی 27-09-2018 سەرکەوت حەسەن گەڕایەوە نێو یەکێتی و سەردانی مەڵبەندی 1ی یەکێتی کرد لە سلێمانی، لەلایەن حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەو کاتی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشوازی لێکرا.
ئەوکات، سەرکەوت حەسەن بە میدیای فەرمی یەکێتی گوت: "بڕیارمداوه له ریزهكانی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژه بهخهباتی سیاسی خۆم بدهم و بێمهوه ناو ماڵه گهورهكه."
سەرکەوت حەسەن، ئێستا راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ کاروباری ئەمنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ