وەزارەتی بەرگریی تورکیا: لە باکووری عێراق و باکووری سووریا 89 ئامانجمان پێکاوە

20-11-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی "چنگ-شمشێر" لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان 89 ئامانجی پەکەکە و یەپەگەیان پێکاوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2022 لە راگەیێندراوێکدا ئاماری ئۆپەراسیۆنی "چنگ-شمشێر" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە باکووری عێراق لە ناوچەکانی قەندیل، ئاسۆس، خواکورک و لە باکووری سووریا لە ناوچەکانی کانی عەرەب، تەلرفعەت، جزیر و دێرک بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ئۆپەراسیۆنی 'چنگ شمشێر' ئەنجامدراوە." 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 89 ئامانجمان پێکاوە و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستمان کوشتووە." 
 
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رۆژی یەکشەممە 20-11-2022 رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان 11 کەسی سڤیل و شەڕڤانێکی هەسەدە لەگەڵ دوو پاسەوانی سایلۆی گوندی زەهری عەرەب لە زرگان گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی سڤیلیش برینداربوون. هەروەها 15 سەربازی حکومەتی سووریا کوژراون.
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تەنیا لە گوندی تەقل بەقلی سەر بە شاری دێرک لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا 11 هاونیشتمانی سڤیل گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی نوێی بە ناوی "چنگ-شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند. فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی تورکیا لە بەرەبەیانی زووەوە، ژمارەیەک پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردە ئامانج. 
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی شەقامی ئیستیقلال دێت، کە تورکیا پەکەکە و یەپەگە بە هەبوونی رۆڵ تێیدا تۆمەتبار دەکات.
 
لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات تۆمەتەکانی تورکیا رەتدەکاتەوە و دەڵێت: تورکیا یەک ساڵە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.