رووداو - پشدەر
لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە قەزای پشدەر رۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگر خۆراک و کەلوپەل لەو دەروازەیەوە دەگوازنەوە هەرێمی کوردستان و عێراق.
سیڤان محەممەد، شۆفێری بارهەڵگرە و بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە رۆژانە دەبێت نزیکەی سێ کاژێر چاوەڕێی گومرگکردنی بارەکەی بکات و دەڵێت، "هەفتەی یەک یان دووجار بارمان بەردەکەوێت، لە کاتی گومرگکردندا زۆر رامان دەگرن، جاری وا هەیە سێ بۆ چوار کاژێر چاوەڕێ دەکەن تاوەکو سەرەمان دێت."
بەهۆی پێگەی دەروازەکە، کە نزیکە لە هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین، بازرگانێکی زۆر روویان تێکردووە و کاڵای تێدا دەگوازنەوە.
بەکر خدر، بازرگان ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا جموجۆڵی بازرگانی باشە، ئێمە لە قەڵادزێوە بە 40 خولەک دەگەینە مەرزەکە، ئەو شتانەی داخڵ دەبن بریتین لە کەرەستەی بیناسازی و میوە، ماددە پاککەرەوەکان و خواردەمەنی."
ساڵی رابردوو لەم کاتەدا داهاتی مەرزی کێلێ مانگانە سێ ملیار دینار بووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆربوونی جووڵەی بازرگانی داهاتی مانگانەی بۆ نزیکەی چوار ملیار دینار بەرز بووەتەوە.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "مەرزەکە ئێستا یەکێکە لە مەرزە کاراکان لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، سەرباری ئەوەی مەرزێکی لاوەکییە، بە دڵنیاییەوە ئەم مەرزە رۆژ بە رۆژ داهاتی بۆ حکومەتی هەرێم زیاد کردووە، بە فەرمی ناساندنیشی داهاتەکە زیاتر دەبێت."
جەوهەر رەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین ئەوەی خستەڕوو، "ئەم مەرزە داهاتی زۆر باشە لەچاو ئەوەی مەرزێکی نیمچە فەرمییە و باری ترانزێتی نییە، داهاتی مەرزەکە بەپێی مانگ و وەرز دەگۆڕێت، بەڵام لەم مانگەدا زۆر باش و زیادی کردووە."
دەروازەی کێلێ لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کراوەتەوە، هەرچەندە ئێران ماوەی سێ ساڵە بڕیاری بەفەرمی ناساندنی دەروازەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە فەرمی بیناسێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ