رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و تێچووی گیانی کەمبکەنەوە.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حدکا و بەرپرسی ئەو ناوەندە لە دوو راگەیێندراوی جیادا دەڵێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانی داناوە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بەرەو تووندوتیژی ببات و داوا دەکەن، خۆپێشاندەران نەکەونە ئەو داوە.
لە راگەیێندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حدکادا هاتووە: "دەبێ تێچووی گیانیی ئەو خەبات و راپەڕینە لەسەر گەلەکەمان کەمتر بکەینەوە".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵدەدات ناڕەزاییەکان بەرەو تووندوتیژییەکی رووت و خوێناویی ببات. هەڵکوتانەسەر ماڵ و سووتاندنیانیش بە پێچەوانەی بەها شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازییەکانی خەباتی کورد ناو دەبات.
هەروەها مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە پەیامێکدا دەڵێت: "دەبێ تێچووەکانی ئەم راپەڕینە کەم بکرێتەوە".
هیجری دەڵێت، "شەهیدبوونی لاوانی کوردستان بە مانای لەدەستچوونی سەرمایەیەکی گرانبەهایە. بە روونیش دیارە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ راستەوخۆ ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بەلاڕێدا بەرێ. هەربۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ بە وشیارییەوە لەگەڵ پیلانەکانی رژێم و نەیارانی گەلەکەمان هەڵسوکەوت بکەن."
65 رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت. لە رۆژی سێشەممە 15/11/2022ـەوە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوون و لەو ماوەیەدا 29 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە.
بەگوتەی مستەفا هیجری، "هەموو نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران شانازی بە شەهیدبوون لەپێناو ماف و ئازادییەکانی گەلدا دەکەن، بەڵام لەم قۆناغەدا پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستان و خەباتکارە خۆنەویستەکانان دەبێ لە ئەولەوییەتدا بێت، بەتایبەت داوا لە لاوە بوێرەکانمان دەکەم بە شێوەیەک درێژە بە ڕاپەڕین بدەن کە کەمترین تێچووی گیانی هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ