کوردستان
ساتی دانانی تاجە گوڵینە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر تەرمی د. فرسەت سۆفی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرس و کەسایەتییە ناودارەکانی ناوچەکە و نوێنەرانی شاندە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە ناردنی پرسەنامە و سەرەخۆشیکردن بەبۆنەی کۆچیی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و دەڵێت "بەوپەڕی خەمەوە هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێرمان پێگەیشت و کۆچی دواییان زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەت و گەلی هەرێمی کوردستان".
لە پرسەنامەیەکی دیکەدا کە ئەیاد عەللاوی، سیاسەتڤانی ناوداری عێراق ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێیدا هاتووە "برای خۆشەویست رێزدار سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بە خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێرمان بیست، سەرەخۆشی لە ئێوە و بنەماڵەی کۆچکردوو دەکەین".
باڵیۆزخانەی کوێت لە بەغدای پایتەختی عێراق پرسەنامەی بۆ سەرۆکایەتیی دیوانی هەرێمی کوردستان ناردووە و تێیدا نووسیوتی "بە دڵێکی پڕ لە باوەڕ بە چارەنووسی خودای مەزن، هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێرمان بیست. سەرەخۆشیتان لێدەکەین و داوا لە خودای گەورە دەکەین بە بەهەشت شادیان بکات".
هەروەها ئەمنیداریەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسەنامەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت "بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێـمی کوردستان، بە خەم و خەفەتەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز فرسەت سۆفی-مان بیست. سەرەخۆشی لە ئێوە دەکەین بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی وڵات و گەلەکەی تەرخانکرد، داوا لە خودا دەکەین بە بەهەشتی بەرین شادیان بکات".
مەترانەکانی سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی ئیبارشیەی کلدانیی ئەربیل، سەرۆکایەتیی پێکهاتەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە موسڵ و کەرکووک و هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی حەدیابی پێکهاتەی سریانیی کاسۆلیک و سەرۆکایەتیی ئوسقفیەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر و کەرکووک بە هاوبەشی پەیامی سەرەخۆشییان بەهۆی ژیانئاوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە "رەوانشاد دۆستێکی نزیکی ئێمە و رۆڵەکانی گەلەکەمان بوو. بە لەدەستدانیشی بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت".
دەقی پەیامەکە بەمشێوەیە:
خەمبار و بەپەژارەین بە کۆچی هەمیشەیی برامان دکتۆر فرسەت سۆفی. رەوانشاد دۆستێکی نزیکی ئێمە و رۆڵەکانی گەلەکەمان بوو. بە لەدەستدانیشی بۆشاییەکی گەورە بەجێ دەهێڵێت.
لە ناخی دڵەوە بەنزا و نوێژەوە سەرەخۆشی قوڵی خۆمان پێشکەشی کەسوکاری دەکەین. نزا دەکەین خوای گەورە بە میهرەبانییەوە بە بەهەشتی شاد بکات و سەبووری بەخانەوادە و کەسوکاری بدات.
مەتران مار بەشار مانی وەردە
سەرۆکی ئوسقفیەی ئیبارشیەی کلدانی ئەربیل
مەتران مار نیقۆدیمۆس داوود شەرەف
سەرۆکی پێکهاتەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە موسڵ و کەرکوک و هەرێمی کوردستان و لقەکانی
مەتران مار نسانتیل نەزار سەمعان
سەرۆکی مەترانیەتی حەدیابی پێکهاتەی سریانی کاسۆلیک
مەتران مار ئبرس یوخەننا
سەرۆکی ئوسقفیەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر و کەرکوک
هەروەها دامەزراوەی شێخ شوهەدا پرسەنامەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەل و بنەماڵەی کۆچکردوو کردووە.
لە نامەیەکدا کە ژمارەیەک شێخ واژۆیان لەسەری کردووە، سەرەخۆشییان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی دکتۆر فرەست سۆفی کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە "کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی زیانێكی گەورەیە بۆ هەولێر و سەرجەم گەلی کوردستان لەڕووی ئەکادیمیایی و نیشتمانی، بەڕێزیان کەسێكی دڵسۆز بوون کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی تەرخانکردبوو".
هەروەها هەریەکە لە نەزمی حزوری، کۆنسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەڵەستین، شێخ ریاز دانۆک ئەلعوبەیدی، سەرۆکی هۆزی عوبەیدی و خەمیس ناجی ئال جەبارە، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆک هۆزەکانی سەلاحەددین پەیامی سەرەخۆشییان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە پەیامەکاندا دڵگرانی و خەمباریی خۆیان بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر راگەیاندووە و پەسنی خوالێخۆشبوویان کردووە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی کۆچکردوو کردووە.
ـ
ـ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ