دادگەی فیدراڵی دەرکردنی فەرمانی وەلائی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتدەکاتەوە

20-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو داواکاریی بەشێک لە تورکمان و عەرەبەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ راگرتنی بەپەلەی رێکارەکانی کۆبوونەوەی 10ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتدەکاتەوە و دەڵێت، راگرتنەکە واتە بڕیاردانی پێشوەختە لەبارەی سکاڵاکەوە.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئەم مانگە بڕیاری رەتکردنەوەی داواکارییەکی حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق و سەوسەن عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی دا، کە داوایانکردووە دادگەکە رێکار و لێکەوتەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 10ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رابگرێت، کە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی تێدا هەڵبژێردرا.
 
دادگەکە هەمان رۆژ، داواکارییەکی هاوشێوەی رەتکردەوە، کە لەلایەن راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە دادگەکە کرابوو.
 
دادگەکە دەڵێت لەبەر دوو هۆکار داواکارییەکانی رەتکردووەتەوە، ئەوانیش: دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە لەسەر داوایەکی سەربەخۆ یان لە داواکانی دەستووری باسنەکراوە، جگە لەوەی لە یاسای دادگەی فیدراڵیی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021ـیش باسنەکراوە، بۆیە ملکەچی مادەکانی 151 و 152ـی یاسای دادگایی مەدەنی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو دەبێت و سیفەتی بەپەلەی تێدا نییە، کە پێویست بە فەرمانی بەپەلە بکات.
 
هەروەها هۆکاری دوومیشی ئەوەیە؛ دەرکردنی فەرمانی بەپەلە لەلایەن دادگەکەوە، واتە پێدانی ماف و رای پێشوەختە لەسەر سکاڵاکە.
 
سکاڵاکاران سکاڵاکەیان لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ هۆشیار هیجران، ئینجیل زیا، رەعد ساڵح، زاهر ئەنوەر عاسی، پەروین فاتیح، نەشئەت شاهوێز، ئەحمەد فاتیح، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا تۆمارکردووە.
 
سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەندامە تورکمانەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوایان لە دادگەکە کردووە تاوەکو یەکلاییبوونەوەی ئەنجامی سکاڵاکەیان لە دادگەکە، دادگەکە بڕیاری بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی کۆبوونەوەکەی 10ـی مانگی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبەر ئەم هۆکارانە دەربکات:
 
- کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە کراوە کە پشووی فەرمییە.
- رێکارەکانی یاسایی پێویست بۆ بەستنی بەردەست نەبووە.
- بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن بەفەرمی و نووسراو لە کۆبوونەوەکە ئاگادارنەکراوەتەوە.
- راکان جبووری،"سەرۆکی تەمەن" بانگهێشتی ئەندامانی بۆ کۆبوونەوە نەکردووە و بۆ خۆشی بۆ کۆبوونەوە ئاگادار نەکراوەتەوە.
- کۆبوونەوەکە بەبێ "سەرۆکی تەمەن" و پێکهاتەکانی دیکە کراوە.
- کۆبوونەوەکە بە نهێنی و لە دەرەوەی کەرکووک کراوە، هیچ هۆکارێک بۆ کردنی لە دەرەوەی پارێزگاکە نییە.
 
سکاڵاکاران لە سکاڵاکەیاندا دەڵێن "کۆبوونەوەکە پێشێلی دەقی مادەی حەوتی یاسای پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراوی کردووە، جگە لەوەی پێشێلی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە و هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی عێراقی ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی کردووە."
 
هاوکات پێیانوایە کۆبوونەوەکە بە پەراوێزخستنی تورکمان، هەڕەشەیە لە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک و کودەتایەکە بەسەر دیموکراسی و لێسەندنەوەی ئیرادەی گەلان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان.
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."