کوردستان
ژنێک لە رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی هەڵواسینی پۆستەرەوە هانی خەڵک دەدات بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن. وێنە: ANHA
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و نوێنەرانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کۆبووەوە و ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بوو.
سەرۆکی یەکێک لەو پارتە سیاسییانەی کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەدا کردبوو، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو باوەڕەداین نابێت هەڵبژاردن لەم کاتەدا بکرێت. پێویستیش ناکات هیچ کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری بکرێت. رۆژئاوای کوردستان بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. بۆیە پێویستە هەڵبژاردن بۆ کاتێکی گونجاو دوابخەین بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت."
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە کە بەهۆی هەستاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش هاوڕابوون کە پێویستە هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
هاوکات سینەم محەممەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ئەمریکا بە رووداوی گوت، هەندێک پارتی سیاسی "داوایان کردووە کە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە."
بڕیاربوو هەڵبژاردنی شارەوانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە 11ی حوزەیران بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردنەکەی بۆ مانگی ئاب دواخست، بێ دیاریکردنی رۆژی دەنگدان، بە پاساوی ئەوەی کە هەندێک پارت داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان ئامادە بکەن و بۆ ئەوەی پرۆسەکەش "بە شێوەیەکی دیموکراسی بەرێوەبچێت."
ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم مانگەدا دژی یاسای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە کە تێیدا هاتووە، دەبێت 20 رۆژ بدرێت بە پارتە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
22 پارت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی خەڵک و ژن بۆ ئازادی (کە پەیەدە سەرۆکایەتی دەکات) خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمار کردووە؛ هاوپەیمانییەکی دیکەش بە ناوی (پێکەوە بۆ خزمەتگوزاریی باشتر) هەیەکە لە پێنج پارت پێکدێت و چوار پارتی دیکەش خۆیان تۆمارکردووە.
ئەنجوومەنیی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە و پێی وایە کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر و دادپەروەرانە نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ