رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی کامپی مەخمووریان کرد. جێگری پارێزگاری نەینەواش دەڵێت" هەموو جموجۆڵەکانی نێو کامپەکە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە بۆ ئەوەی بیانوویەک بۆ بۆردوومانەکانی تورکیا نەمێنێتەوە".
رۆژی شەممە، 20-05-2023 سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای سەردانەکەی شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق بۆ کامپی مەخموور، بڕیاردرا بە دوو قۆناخ جمومجۆڵە نائاساییەکانی نێو کامپەکە و دەرەوەشی کۆنترۆڵ بکەن، کە هەنگاوی یەکەم، دانانی تاوەرێکە کە چەندین رادار و کامێرای چاودێریی پێوەیە و هەنگاوی دووەمیش، تێلبەندکردنی چواردەوری کامپەکەیە، بەجۆرێک تەنیا یەک دەروازەی سەرەکی بمێنێتەوە و هیچ دەرگای لاوەکیی نەبێت.
سیروان رۆژبەیانی گوتی، "ئەم رێکارانەی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەیە چیدی بیانوو بە تورکیا نەدرێت هێرش بکاتە سەر ناوچەکە و بڕیارە هەمان رێکار لە شنگالیش بە شێوەی جیاواز بگیرێتەبەر بۆ ناچالاککردنی جمومۆڵی شەرڤانانی نزیک لە پەکەکە."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا، دانانی تاوەرەکە لە 24 کاژێری داهاتوودا تەواو دەبێت و کامێراکانی چاودێریی دەخرێنە کار.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی کامپی مەخمووری کرد و چەند پێشنیازێکیان دایە بەرپرسانی کامپەکە و سێ کاژێری مۆڵەتیان پێدان بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە. هاوکات بەشێک لە دانیشتووانی کامپەکە خۆپێشاندانیان دژی بڕیارەکە کرد.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچووخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە چوار داواکارییان بۆ بەرپرسانی کامپەکە پێشنیاز کردووە. یەکەم، کەمپەکە سیم بکرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی سوپا و پۆلیسەوە پاسەوانی بکات؛ دووەم: کۆنکرێت لە سەر رێگە و بەردەم کەمپەکە دابنرێت؛ سێیەم: پۆلیسی خۆجێیی بگەڕێتەوە نێو کامپەکە؛ چوارەم: یەک رێگە بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی کەمپەکە هەبێت.
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچووخی یەکێتی گوتی، دانیشتووانی نێو کامپەکە بەم داواکارییانە رازی نین، بۆیە خۆپێشاندانیان کردووە.
کامپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کامپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا دەڵێت ئەو کامپە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ