لەگەڵ رەنج؛ پارتی و یەکێتی "کێشەیان لەسەر هەڵبژاردن نەماوە"

20-03-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج
بەرنامەی لەگەڵ رەنج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خول لەدوای خول کەمتر دەبێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، خەڵک ئێستا خواستەکانیان گۆڕاوە و نابێت بە هەمان تێڕوانینی خولی یەکەمی پەرلەمان کار بۆ بەشداریپێکردنیان لە پرۆسەی سیاسی بکرێت، هاوکات سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستانیش پێیوایە هۆکاری سەرەکی ئەم بەشدارینەکردنەی خەڵک حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانن.
 
رۆژی یەکشەممە، 19-03-2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی جەعفەر ئیمینكی، ‏بەرپرسی پەیوەندییەكانی مەكتەبی ‏سیاسی ‏پارتی دیموكراتی كوردستان، د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی رێكخراوی ‏ئینستیتیوتی ‏پەی بۆ پەروەردە ‌و گەشەپێدان. عەدنان موفتی، سەرۆكی خولی دوومی پەرلەمانی ‏كوردستان و هاوڕێ‌ تۆفیق، پارێزەر، تاوتوێی ئاستی خولە جیاوازەكانی ‏پەرلەمانی ‏كوردستان کرا، هاوکات گەنگەشەی ئەوەشیان کرد، حیزبەكان چ جۆرە كەسانێك بنێرنە پەرلەمان. 
 
ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن
 
عەدنان موفتی، سەرۆكی خولی دوومی پەرلەمانی ‏كوردستان ئاستی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بە بەراورد بە خولەکانی رابردوو بە کەمتر دەزانێت و دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونەوەی هیوای خەڵک بە دەنگدان و پەرلەمانی کوردستان حیزبە سیاسییەکانن، لە خولی یەکەمی پەرلەمان ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کە بەشداری شۆڕشبوون و لە بوارە جیاجیاکاندا ئەزموونیان هەبوو، بوون بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام لە خولەکانی دواتر ئەو رێژەیە کەمبووەوە و خول لەدوای خول گرنگیپێدانی حیزبەکان بۆ پەرلەمان کەمتر بووەوە."
 
عەدنان موفتی کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو رۆڵانە بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریکراون گرنگن، لە داڕشتنەوە و دەرکردنی یاسای پێویست بە پێشخستنی کۆمەڵگە تاوەکو چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت، من پێم باش نییە خەڵک بەشداری دەنگدان نەکات، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە چارەنووسی تۆ لە کۆمەڵگە دیاریدەکات باش نییە، چونکە ئەگەر بچیت بۆ دەنگدان یان نەچیت، چارەنووسی تۆ هەر بەو پەرلەمانە بەستراوەتەوە، بۆیە پێویستە بەشداریی هەڵبژاردن بکەیت و ئەو لایەنە هەڵبژێرێت کە بەرنامەکەی لەگەڵ ویست و ئاواتەکانت دەگونجێن."
 
 
"لایەنە سیاسییەکان دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نانێن"
 
عەدنان موفتی پێیوایە هیچ حیزبێک لە کوردستان پێسوەختە خۆی بۆ دۆڕاندن لە هەڵبژاردنەکان ئامادە ناکات و دەڵێت: "دوو گرفتی گەورە لە کوردستان هەن کە هەمیشە بوونەتە کۆسپ، یەکەمیان ئەوەی کە فەرهەنگی هەڵبژاردن لە کوردستان نوێیە، دووەم ئەوەی کە هیچ حیزبێک ئامادە نییە پێشەکی گریمانەی ئەوەی کردبێت کە لە هەڵبژاردن دەدۆڕێت یان دەنگەکانی کەمدەبنەوە. بۆیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیێنرێت، هەموو حیزبەکان گلەییان دەبێت و یەکتر بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن." دەشڵێت: "مەبەستم نییە بڵێم ساختەکاری ناکرێت، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاکیش بکرێت، ئەو لایەنەی دەدۆڕێت، ئامادە نییە دۆڕانەکەی قبووڵ بکات."
 
سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە ئەو کۆمەڵگایە دروستبکەین کە ئاسایشی خەڵک لەبری حیزبەکان، لەلایەن حکومەتەوە بپارێزرێت، ئێستا دوو پۆلیس و دوو ئاسایش هەن و ئەوەش وادەکات خەڵک متمانەی نەبێت بۆ دواڕۆژی خۆی ئەگەر حیزبەکەی لاوازبێت، بۆیە لە هەڵبژاردنەکان وەکو تاکەکەس هەوڵی پێشێلکاری دەدات و دەیەوێت زیاد لە یەک جار دەنگ بدات، ئەوە وایکردووە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بگاتە ئاستی تاکەکان، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەیەکی مەدەنیمان هەبێت رێژەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان کەمدەبێتەوە."
 
ئاستی پەرلەمانتارانی ئێستای کوردستان
 
عەدنان موفتی پێیوایە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان رۆڵی خۆیان بینیوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "کێشەکە بوێری یان پسپۆڕیی پەرلەمانتاران نییە، بەڵکو کێشە لای حیزبەکانە، هەندێکجار حیزبەکان دەبن بە کۆسپن لەبەردەم پەرلەمانتاران، بەڵام بەگشتی پەرلەمانتاری حیزبیی پابەندی ئیرادەی حیزبەکەی خۆیەتی."
 
سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "حیزب بۆ هەڵبژاردنی بەربژێر بۆ پەرلەمان نابێت تەنیا رەچاوی پلەی حیزبی بکات، راستە هەر حیزبە و بیر لەوە دەکاتەوە ئەندام و کەسی دڵسۆزی خۆی بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پابەندبێت بە سیاسەتەکانی، بەڵام لەپاڵ ئەوەش دەبێت هەڵسەنگاندنێک هەبێت بۆ کەسایەتی ئەو بەربژێرە لەنێو خەڵک و هەروەها ئاستی تواناییەکانی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەوانەی دەنێردرێنە پەرلەمان رەنگە 60٪یان شیاوی پەرلەمانتاریبن."
 
"نەدەبووا جارێکی دیکە دەستوور بگەڕێنرێتەوە پەرلەمان"
 
عەدنان موفتی گەڕاندنەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان بە هەڵە دەزانێت و رایدەگەیێنێت، "لە کاتی سەرۆکایەتی من لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان رەشنووسی دەستوورمان ئامادەکرد و بەکۆی 95 دەنگ پەسندکرا، دواتر رادەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، دوای واژۆکردنی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بخرێتە گشتپرسی، بەڵام دواتر بەهۆی کێشەی نێوانمان و تێبینییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نەکرا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بخرێتە دەنگدان."
 
لەبارەی هۆکاری ئەنجامنەدانی گشتپرسی بۆ دەستوور، عەدنان موفتی گوتی: "ئەوکات لە نێوخۆی یەکێتیش ناوەڕۆکی دەستوورەکە کێشەی دروستکردبوو، رەشنووسی دەستوورەکە یەک ملیۆن دانەی لێ چاپکرابوو و لەگەڵ بەشەخۆراک درا بە خەڵکی بۆ ئەوەی بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدەن، بیخوێننەوە، بەڵام لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتیدا هەندێک کەس هەبوون نەیان خوێندبووەوە و دژایەتییان دەکرد."
 
وەکو سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی پێدەدات: "هەرچەند دەنگدان لەسەر دەستوور دواخرا، بەڵام نەدەبوایە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پەرلەمان، چونکە پڕۆژەکە چووبووە لای خەڵک و ئەوان بە ئا یان نا دەنگیان لەسەر دەدا، لەوانەیە خەڵک قبووڵی نەکردبا، بەڵام بە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان دەبینین کە تاوەکو ئێستا چەقیوە."
 
"رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن مامناوەندە"
 
جەعفەر ئیمینكی، ‏بەرپرسی پەیوەندییەكانی مەكتەبی ‏سیاسیی ‏پارتی دیموكراتی كوردستان رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی مامناوەند و قبووڵکراو دەزانێت، رایدەگەیێنێت: "دەبێ متمانەی زیاتر لای خەڵک دروستبکرێت، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چی بکرێت کە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان کارابێت، ئەوەش پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی پەرلەمان."
 
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی گوتی، "داواکاری خەڵک ئێستا زۆر بەرزبووەتەوە و ناکرێت ئاستی بەشداری ئێستا و ساڵی 1992 بەیەک بگرین، ئەوکات خەڵک لە هەرێمی کوردستان چاوی لە ئایندە بوو، بەڵام ئێستا خەڵک چاوی لە ئەمڕۆیەتی، بۆیە دەبێ لە خواست و داواکانی ئێستای خەڵک زیاتر بکۆڵینەوە و وا نەکەین کە هاووڵاتی بڵێت من بەشداری هەڵبژاردنم کرد، بەڵام هیچم دەست نەکەوت."
 
‏بەرپرسی پەیوەندییەكانی مەكتەبی ‏سیاسیی ‏پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: "خەڵک لە هەرێمی کوردستان متمانەیان بە پەرلەمان وەکو دامەزراوەیەکی شەرعی هەیە، بەڵام بێهیوان لە شێوازی کارکردنی پەرلەمان، بۆیە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیەکی ورد و بابەتییانە بۆ پەرلەمان ویستێکی نیشتمانییە."
 
 
"بەشێک لە پەرلەمانتاران بوون و نەبوونیان وەکو یەکە"
 
جەعفەر ئیمینکی لەبارەی ئاستی پەرلەمانتارانی ئێستای پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بەشێک لە پەرلەمانتاران لەناو پەرلەمان دەنگیان هەیە و بە پیشەیی کارەکانیان دەکەن و لەسەر بابەتەکان هەڵوەستەی جیددیان هەیە، بەڵام رێژەیەکیش لە پەرلەمانتاران هەن کە هەبوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە، ئەگەر ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە کەمتر بکەینەوە، شێوازی کارکردنی پەرلەمان باشتر دەبێت."
 
ئەو ‏بەرپرسەی پەیوەندییەكانی مەكتەبی ‏سیاسیی ‏پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە دەبێت حیزبەکان پێداچوونەوە بەم بەربژێرانەیاندا بکەن کە وەکو پەرلەمانتار دەستنیشانیان دەکەن و ئەمەش بە هەنگاوێک دەزانێت بۆ زیاتر بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
 
"ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت"
 
جەعفەر ئیمینکی، ‏بەرپرسی پەیوەندییەكانی مەكتەبی ‏سیاسیی ‏پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە رێککەوتنی حیزبەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا لەبارەی هەڵبژاردن و رایگەیاند، "پارتی و یەکێتی رێککەوتوون کورسی کۆتاکان وەکو خۆی بە 11 کورسی بمێنێتەوە و بۆ شێوازی هەڵبژاردنەکەشیان، پێکهاتەکان خۆیان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیار لەسەر شێوازی یەک بازنەیی یان فرە بازنەیی دەدەن، ئێستا لەگەڵ یەکێتی هیچ کێشەیەکمان لەسەر هەڵبژاردن نەماوە و ئەمساڵ هەڵبژاردن دەکرێت."
 
زیاتر روونیدەکاتەوە، "رەنگە سەرەتای مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەمەش پارتی و یەکێتی لەسەر شێوازی چوار بازنەیی رێککەوتوون و هەڵبژاردن بە لیستی نیمچەکراوە دەکرێت و کار بە تۆماری دەنگدانی ساڵی 2021ی بەغدا دەکرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە."
 
"پەرلەمان نەیتوانیوە بۆشایی یاسایی پڕبکاتەوە"
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ‏ئینستیتیوتی ‏پەی بۆ پەروەردە ‌و گەشەپێدان، پەرلەمانی کوردستان بە بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەڵێت: "بەڵام ئەم دامەزراوەیە ئەدایەکی لاوازی هەیە و نەیتوانیوە وەکو پێویست رۆڵ و کاریگەری خۆی هەبێت."
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی هەیە و پەرلەمان نەیتوانیوە وەکو پێویست یاسا دەربکات بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ئەو یاسایانەش کە دەرکراون زۆرترین هەڵەی یاسایی و زمانەوانییان تێدایە کە لەکاتی جێبەجێکردنیاندا دەتوانی خوێندنەوە و راڤەی جیاجیایان لێ بکەیت."
 
لە بابەتی چاودێریکردن پەرلەمانیش، سەرۆكی ئینستیتیوتی ‏‏پەی بۆ پەروەردە ‌و گەشەپێدان پێیوایە، "بە هەر پێنج خولی پەرلەمان، هەندێک جار نەبێت کە ئەویش لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک تێناپەڕێت، پەرلەمان نەیتوانیوە پرساندن بۆ بەرپرسێکی حکومەت بکات و تەنیا میوانداری لێکردوون، تەنانەت ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان نەیتوانیوە لێپێچینەوە لە هیچ بەرپرسێکی حکومەت بکات."
 
"سیستمی یەک ئەنجوومەنی لە دنیادا باوی نەماوە"
 
هاوڕێ‌ تۆفیق، پارێزەرە و دەڵێت: "سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەرلەمانییە، بۆیە رۆڵی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگە، پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی هەیە و دەبێ بنیاتی سیستمی پەرلەمانی بگۆڕدرێت."
 
هاوڕێ تۆفیق گوتیشی، "پەرلەمانی یەک ئەنجوومەنی لە دنیادا باوی نەماوە، پەرلەمانی کوردستان یەک ئەنجوومەنییە، بەڵام هەموو وڵاتانی دنیا پەرلەمانیان کردووە بە دوو ئەنجوومەن کە یەکیان ئەنجوومەنی گشتییە و ئەنجوومەنی دووەمیان ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتارانن و لەسەر پرسە هەستیارەکان بڕیار دەدەن، پێویستە لە کوردستانیش ئەنجوومەنێکی باڵا یان هەر ناوێکی دیکە هەبێت کە پێکهاتبێت لە ئەوپەڕی 20 پەرلەمانتارێک و یاسا گرنگەکان لەو ئەنجوومەنە پەسند بکرێن."
 
ئەو پارێزەرە باس لەوەش دەکات کە ئەندام پەرلەمان "لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی مەگەر بەهۆی رەوشت و نەجابەتی خۆی وەڵامی خەڵک بداتەوە، ئەگینا بەگوێرەی یاسا هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکەوە نامێنێت، هەربۆیە بەشێکی زۆریان ژمارەی تەلەفۆنەکانیان دەگۆڕن، لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا ئەگەر 10 هەزار واژۆ کۆبکرێتەوە، بە یاسا دەبێت لیژنەی پەیوەندیدار گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکات و ئەمە پابەندییەکی یاساییە، بەڵام لە کوردستان ئەو یاسایە نییە و ئەوەش وای کردووە خەڵک هەست بکات پەرلەمان پەیوەندی پێیانەوە نییە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە