فوئاد حوسێن: نێچیرڤان بارزانی بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەغدا بگێڕێت

20-01-2023
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق باس لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەری کێشەکان دەکات و گوتی، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی هەیە و بەهۆی "پەیوەندییە بەهێزەکانی دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەغدا بگێڕێت."
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە داڤۆس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان ئەنجامیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەری کێشەکان، کێشەکانی پارتی و یەکێتی، یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، ناردنی 400 ملیار دینارەکە، دابەزینی بەهای دینار کرد.   

 

فوئاد حوسێن بەهێزی پەیوەندیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە "گرنگ" ناودەبات و دەڵێت: "ئەم پەیوەندییە کەسییانە لەسەر ئاستی سیاسی کاریگەرییەکی ئیجابی هەیە. بە دڵنیاییەوە کاک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت رۆڵێکی باشی هەبێت لە بەغدا، چونکە هەمیشە پەیوەندییەکانی زۆر باشن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا." 
 
لەبارەی کێشەکانی پارتی و یەکێتییەوە، فوئاد حوسێن دەڵێت، "پێویستە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر بکرێن." هەروەها دەشڵێت، "دەبێت ئەم قۆناخە تێپەڕێنین و بگەینە قۆناخی یەکڕیزی."
 
فوئاد حوسێن باسی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی بانکی بازرگانییەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دەڵێت، "دوای گەڕانەوەم بۆ عێراق بەدواداچوون بۆ بابەتی 400 ملیارەکە دەکەم."

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق   
 
رووداو: کارنامەی ئێوە لە سەردانەکەتان بۆ ئەمریکا لە سەرەتای مانگی داهاتوودا چی دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: کارنامە ئەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە بواری سیاسی و ئابووری کۆدەبینەوە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، مەسەلەی نەوت و گاز، دراو و پەیوەندی بانکی ناوەندی و فیدراڵی دەکرێت.
 
رووداو: بۆچی بەهای دینار بەرامبەر بەهای دۆلار بەمشێوەیە لە ماوەی مانگی رابردوودا دابەزیوە؟ ئەوە پەیوەندی بە رێکارەکانی ئەمریکاوە هەیە یان بانکی ناوەندیی عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە. بەڵام یەکێک لەوانە پەیوەندی هەیە بەو رێکارەی کە وەرگیرا لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا، کە ئەوان داوایانکرد سەکۆیەک هەبێت. سەکۆیەکە مەسەلەیەکی ئەلیکترۆنییە بۆ ئەوەی بزانن ئەو دۆلارەی دەچێتە بانکی ناوەندییەوە چەندە و بۆ کوێ دەچێت. ئەمە وایکرد یەکەم دۆلار کەمتر بخرێتە بازاڕەوە و ئاساییە کە گرانتر بێت. وەکو رێکارێکی دارایی، سیاسی و یاساییە.
 
رووداو: رێکارە سیاسییەکە پەیوەندی بە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هەیە؟
 
فوئاد حوسێن: سیاسییەکەی پەیوەندی بە دۆلارەوە هەیە. ئەمریکییەکان وا هەست دەکەن ئەو دۆلارەی دەچێتە ناو بازاڕی عێراق، بەشێکی دەچێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەوان گەمارۆیان خستووەتە سەر و یەکێک لەوانە ئێران.
 
رووداو: واتە پەیوەندی بە پابەندبوونی عێراق بەرامبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هەیە؟
 
فوئاد حوسێن: نا، مەسەلە پابەندبوونی عێراق بە گەمارۆکان نییە، چونکە سیاسەتی حکومەتی عێراقی ئەوە نییە گەمارۆ بۆ سەر ئێران هەبێت، بەڵام سیاسەتی ئەمریکی ئەوەیە. ئەوانیش مامەڵە لەگەڵ دۆلاری خۆیان دەکەن، ئێمەش نیازمان بە دۆلاری ئەوان هەیە، چونکە نەوتەکەمان بە دۆلار دەفرۆشین و دۆلارەکەش دەچێتە ناو بانکی فیدراڵی ئەمریکی.
 
ئەوان دەڵێن ئەو رێکارەی بەرامبەر ئێران یان رووسیا گرتوومانەتەبەر ئەگەر چاودێری نەکەین جێبەجێ نابێت. ئەوان ئەو رێکارەیان دانا کە چاودێری دۆلار بکەن لە بازاڕ.  
 
رووداو: ئایا کێشەی دینار بەرامبەر بە دۆلار چارەسەر دەبێت بەمزووانە؟
 
فوئاد حوسێن: دەبێ چارەسەر بێت، چونکە کێشەیەکی دارایی نییە. بەڵکو کێشەیەکی رێکارییە بۆ ئەوەی بڕی نیازی بازاڕی عێراق بە دۆلار بزاندرێت، چونکە عێراقیش دۆلار بەکاردێنێت. عێراق حکومەتێکە جگە لە نەوت و گاز هەموو شتێک هاوردە دەکات و دەبێت بە دۆلار بیکڕێت. بۆیە دۆلار دەخرێتە بازاڕی عێراق، بەڵام پرسیار ئەوەیە بازاڕی عێراق چەندە دۆلاری پێویستە، رۆژ هەبووە کە 220 ملیۆن دۆلار چووەتە بازاڕی عێراق، بەڵام خەڵک هەیە دەڵێت بازاڕی عێراق تەنیا پێویستی بە 40 ملیۆن یان 50 ملیۆن دۆلارە. جا پرسیار ئەوەیە ئەم 100 یان 150 ملیۆن دۆلارە بۆ کوێ دەچێت.
 
رووداو: ئەمریکا پێیوایە ئەو بڕە دۆلارە دەچێتە دەرەوەی عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: نەک تەنیا ئەمریکییەکان هەمووی ئەوانەی ئابوورین و بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیە دەکەن. تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دۆخێکی خراپدایە، هەروەها لیرەی تورکی، لیرەی سووری و لوبنانیش بە هەمانشێوە، کەوابوو وڵاتانی دراوسێی عێراق بەرامبەر بە دۆلار کێشەی دراویان هەیە. بە دڵنیاییەوە بڕێک لەو دۆلارە دەچێتە شوێنێکی دیکە. ئێستا ئەمریکییەکان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراقی ئەم رێکارەیان داناوە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵێک بکرێت.
 
رووداو: واتە دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، وەکو تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی، سووری، لوبنانی بەسەر نایەت؟ 
 
فوئاد حوسێن: نا باوەڕ ناکەم. چونکە دۆخی ئابووریی عێراق و نرخی نەوت باشە ئێستا، هەروەها نرخی نەوت بە دۆلارە. نا ناگاتە ئەو دۆخەی سەردەمی سەدام حوسێن. چونکە سەردەمی سەدام گەمارۆی ئابووری هەبوو. ئێستا بەرامبەر عێراق گەمارۆ نییە و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە باشە و نەوتیشی هەیە، کە دەفرۆشرێت و نرخی نەوت لە ئاستێکی باشدایە. 
 
رووداو: دوای ئێوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات؟
 
فوئاد حوسێن: نا باسی لێوەنەکراوە. یەکەم جارە بەرپرسێک لەم حکومەتە نوێیە بەم مەبەستە سەردانی واشنتن دەکات و ئەمریکییەکانیش لەدوای هەڵبژاردن دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە و سیاسەتی ئەم حکومەتە نوێیە و سەرۆکوەزیران ئاشنا بن. ئێمە لەم سەردانەدا سیاسەتی حکومەتیش باس دەکەین.
 
ئەم سەردانە بۆ کۆمەڵێک تەوەر دەبێت. دەبێتە گفتوگۆیەک لە چوارچێوەی ئەو دیالۆگە ستراتیژییەی کە هەمانە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵکو زەمینە ئامادە بکەین بۆ دیالۆگێکی فراوانتر.
 
رووداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە. بە رای ئێوە، ئەوە هۆکارێک دەبێت بۆ پاڵپشتیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا؟
 
فوئاد حوسێن: خۆی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ سەرۆکوەزیران عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی بەغدا. ئەوە گرنگە بەردەوام ئەم پەیوەندییە هەبێت و سەردانیش هەبێت. ئەم پەیوەندیی کەسی و پەیوەندیی لەسەر ئاستی سیاسی، کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە و بەدڵنیاییەوە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لە بەغدا رۆڵێکی باش ببینێت، چونکە پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا زۆرباشە. 
 
رووداو: ئێستا کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان لەسەر بودجەی ساڵی 2023 چۆن چارەسەری نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە؟ 
 
فوئاد حوسێن: کۆمەڵێک بیروڕا خراونەتە بەرباس. نەک هەر لەبارەی هەرێم بەڵکو لەبارەی عێراقیش مەسەلەی بودجە هەروا پڕۆسەیە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دوای گەڕانەوەم بۆ عێراق چەندجارێکیش هەم لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئابووری و هەم چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی لەسەر دەکەین. یەکێک لەو مەسەلەکان کە باس دەکرێت مەسەلەی یاسای بودجەیە و ئەوە پەیوەندی بە گفتوگۆکان لە نێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی هەیە، کە چۆن چارەسەر دەکرێت. بەڵام دڵنیام دەزانم چارەسەر دەکرێت چونکە هەردوو لا دەیانەوێت بگەنە ئەنجام و مەسەلەی بودجە گرنگە.
 
کاتێک بودجە قبووڵکرا، دەبێتە یاسا و کە بوو بە یاسا پێویستە جێبەجێ بکرێت. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو بڕیارەی کە حکومەتی فیدڕاڵیدا یاسای بودجە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکات. 
لەدوای یاسای بودجە پێویستە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بخرێتە بەرباس و ئەم کێشەیەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی نەوت لە یاسای نەوت جێبەجێ دەکرێت. مەسەلەی بودجە بۆ یەک ساڵە و یاسای نەوت تاهەتاییە.
 
رووداو: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا چەند دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: دیار نییە. چونکە تاوەکو ئێستا نازانین قەبارەی گشتیی بودجە چەند دەبێت. ئەوەی کە باسی رێژە دەکرێت، لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق 14٪ لە بودجەی گشتیی عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام ئەوانە هەمووی لە گفتوگۆکاندا باسی لێدەکرێت. 
 
رووداو: 400 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان کەی دێت؟
 
فۆئاد حوسێن: بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو، بەڵام کێشەیەک دروست بووە. وەزیری دارایی نایەوێت بەرپرسیاریێتی یاسایی بکەوێتە ئەستۆ. ئێستا رێگەیەکی دیکە دۆزراوەتەوە کە پارەکە وەزارەتی دارایی دەیداتە بانکی بازرگانی و ئەویش دەیداتە هەرێمی کوردستان. دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی قسەم کردووە و دیارە کێشەیەکی وا بوونی نییە.
 
رووداو: لە بودجەی ساڵی 2023، وەکو هێزی بەرگریی عێراق پارە بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە؟
 
فوئاد حوسێن: مەسەلەی پێشمەرگە دێتە بەرباس، بەڵام بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانەی خراونەتە روو هێشتا بڕیار نەدراوە. چارەسەری هەندێک کێشەی دارایی نێوان هەرێمی و بەغدا خراونەتەڕوو. 
 
رووداو: پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت تاکەی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە ؟ 
 
فوئاد حوسێن: یەکێک لەو خاڵانەی کە لە بەرنامەی حکومی هەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە. لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدڵنیاییەوە کەسێک هەڵدەبژێردرێت بۆ پارێزگاری کەرکوک و پێویستە لە بەرنامەی ئەو حکومەتەدا ئەمساڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت.
 
رووداو: بڕیار وایە ئەم هەڵبژاردنە مانگی 10 بکرێت راستە؟
 
فوئاد حوسێن: ئەوە پێشنیارێکە و ئامادەکاری دەوێت، گفتوگۆ لەسەر یاساکەی کراوە و پەرلەمان پێشتر دەنگی لەسەر داوە و ئامادەکاری بۆ دەکرێت. کێشەی یاساییمان نییە. 
 
رووداو: ئێوە تاوەکو ئێستا لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئیدارەی حکومەت رازین؟

 

فوئاد حوسێن: دوو مانگ زیاترە ئەم حکومەتە دروستبووە. ئەوەی دەیبینم ئەم حکومەتە لە پابەندبوون بە بەرنامەی حکومەت و جێبەجێکردنیدا جیدییە. پێشتر زۆرجار رێککەوتن کراوە یان گەیشتووینەتە بەرنامەیەک، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، من دەبینم ئەم حکومەتە بەشێوەیەکی باش هەوڵدەدات بەرنامەکەی جێبەجێ بکات.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی کەم بێتەوە تووندتر بووە، هۆکار چییە و بۆچی چارەسەری کێشەکان ناکرێت؟
 
فوئاد حوسێن: من حەز ناکەم بچمە ریشەی ئەم مەسەلەیە، بەڵام کێشەکان پێویستە چارەسەر بکرێن. ئەگەر لە نێو کوردستان و لە بەغدا یەکهەڵوێستی نەبێت، ئاساییە دۆخی کوردستان بەرەو خراپبوون بڕوات. بەدڵنیاییەوە کێشە هەیە و پێویستە باس بکرێت من دەیبینم ئەوەی کە باس نەدەکرا ئێستا باسیان کردووە. دەبێ بگەینە ئەو قۆناخەی کە چارەسەری ئەم کێشانە بکەین، لانیکەم چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی کوردستان یەکهەڵوێست بن. ناکرێت وەزیر بیت و کار نەکەیت، ناکرێت بەرپرس بیت و بەرپرسیاریێتی نەگرێتە ئەستۆ.
راستییەکەی پێویستە ئەم کێشانە لەنێو پەرلەمان چارەسەر بێت، ئەگەر لە پەرلەمان چارەسەر نەبوو لەنێوان هێزە سیاسییەکان دانیشتن هەبێت و ئەگەر ئەوانە نەکرا، حکومەت ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات. بەڵام گفتوگۆ لە رێگەی راگەیاندنەوە ناکرێت.
 
پێویستە ئەم قۆناخە جێبهێڵین و بڕۆین بۆ قۆناخی یەکهەڵوێستی. لە حکومەتیشدا وەزیرەکان دەبێ کاری خۆیان بکەن. ئێستا ئامادەکاری هەیە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان، ئەمە هەنگاوێکی باشە. ئەگەر ئەوە نەکرێت کوردستان دەکەوێتە نێو گوشاری جۆراوجۆری نێوخۆیی و هەرێمییەوە. 
 
رووداو: دوێنێ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میدیاکان باسی لەوە کرد ئامادەین بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئەویش داوای دانیشتن دەکات، پێتوایە دۆخەکە ئێستا باش بێت بۆ دانیشتن؟
 
فوئاد حوسێن: بۆ دانیشتن پێویستە دۆخی راگەیاندنیش  ئامادە بکرێت. چونکە دۆخی راگەیاندن بەڕاستی تووند بووە، دیارە لەدوای ئەم قسانە بەرەو نەرمی دەچێت و ئەمە شتێکی باشە و لە هەنگاوی داهاتوودا پێویستە لە چوارچێوەی هێزە سیاسییەکان یان پەرلەمان دانیشتن هەبێت، بەڵام لە حکومەتدا پێویستە وەزیرەکان بچنەوە سەرکار و ئەگەر کێشەیەکیشیان هەبوو ئەوەی پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسی لێوە بکەن، ئەوەی پەیوەندیشی بە هێزە سیاسییەکانەوە هەیە، لە دانیشتنی هێزە سیاسییەکاندا باسی بکرێت، بەڵام باشترین چارەسەر ئەوەیە لەنێو پەرلەمان باس بکرێت، کە بەداخەوە پەرلەمانی کوردستانیش ئێستا لە دۆخێکی باشدا نییە.
 
رووداو: هیچ گفتوگۆیەکتان لەگەڵ لایەنەکانی پارتی و یەکێتی هەبووە؟
 
فوئاد حوسێن: من بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ هەموو لایەنێک هەیە، بەڵام ئەگەر بینیم پێویستە و داوایان لێکردم، ئامادەم یارمەتییان بدەم، چونکە ئەو مەسەلەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگە.
 
رووداو: دوێنێ پێنج هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە تورکیا کوژراون، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێداچوونەوەی بۆ کردووە؟
 
فوئاد حوسێن: ئێمە یەکسەر راگەیێندراوێکمان دەرکرد و داوام کرد لیژنەیەکی بەدواداچوون لە نێوان عێراق و تورکیا دروست بکرێت، بڕیارە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو رووداوە بە حکومەتی عێراق بدرێتەوە و باڵیۆزخانە لە پەیوەندی دایە لەگەڵ حکومەتی تورکیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە