رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کەرکووک زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر چین و توێژە جیاوازەکان لە فەرمانبەر و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان دابەشکراوە؛ پشکی رۆژنامەڤانانی کورد ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.
شارەوانیی کەرکووک لایەنێکی دابەشکردنی زەوییەکانە، لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقەوە بە پشتگیری و نووسراوی راکان جبووری، داوایان لێکراوە 142 پارچە زەوی بدرێنە رۆژنامەنووسان. لەبەرئەوەی ژمارەیەکی کەمی کورد لەنێو لیستەکەدان، رۆژنامەنووسانی کورد لە پرۆسەکە ناڕازین و چوونەتە شارەوانی بۆ ئەوەی مافی ئەوانیش نەخورێت.
فەرەیدوون زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک سەرۆکی شارەوانی بەدواداچوونی بۆ دەکەم بۆ ئەوەی مەزڵوومیەتی تێدانەبێت، ئێمە خۆشحاڵ دەبین هەموو چین و توێژەکان و پێکهاتەکانی کەرکووک سوودمەندبن، بەڵام بەشێوەیەک بێت، هیچ لایەک بەشی نەخورێت، لە رۆژنامەنووسانی کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی."
لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بەرپرسن لە پرۆسەکە، ئەوان دەڵێن، "هەر کەسێک ئەندامی ئەوان نەبێت، ناتوانن ناوی بەرزبکەنەوە بۆ وەرگرتنی زەوی." لەبەرئەوەی ژمارەی رۆژنامەنووسانی کورد لەو لقە کەمینەن، بۆیە لەو لیستەشدا بۆ وەرگرتنی زەوی کەمن.
رزگار شوانی، ئەندامی کارگێڕیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دەڵێت، "ئێمە وەک لقی کەرکووک سەر بە بەغداین و رێکارمان هەیە، دەبێ بەپێی یاسا بڕۆین، دەبێت رۆژنامەنووس ئینتیمای بۆ سەندیکا هەبێت، ئەوکات مافی پێ دەدرێت."
کێشەکە گەیشتەوە بەر دەرگەی ئیدارەی کەرکووک، عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگار رەتی دەکاتەوە ئەوان پەیوەندییان بە ناوەکانەوە هەبێت کە بەرزکراونەتەوە. سەبارەت بە پێشنیازی پاراستنی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان و پشتبەستن بە سەرژمێریی 1957 دەڵێت، "کۆمەڵێ رێکار و رێنوێنی لەگەڵ یاساکەدایە کار بەوە دەکەین."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق شارەوانی راسپاردووە تا ئەوکاتەی کێشەی رۆژنامەنووسانی کورد یەکلایی دەکرێتەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی رۆژنامەنووسان رابگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ