رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی نزیکەی 50 هەزار کەس، رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی ئێزدی "چوارشەمبا سۆر" لە پەرستگەی لالش بەڕێوەچوو. ئەم جەژنە کۆنترین جەژنی کوردانی ئێزدییە و ساڵانە لە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک دەکرێتەوە.
هەر کوردێکی ئێزدی کاتێک دەچێتە پەرستگەی لالش، سەرەتا سێ جار بەسەر "پردی سەلات" بە راکردن دێت و دەچێت، ئەوەش وەکو هێمایەک بۆ پاکبوونەوەی لە گوناهـ و ئامادەبوون بۆ چوونە نێو پەرستگەکە.
حوسێن عەلی، زیارەتکاری پەرستگەی لالش بە رووداوی گوت، "لالشی ئێمە پیرۆزە و هەرکەسێک دێتە 'پردی سەلات'، گوناهەکانی دەسڕێتەوە و دواتر دەچێتە زیارەت."
جوزەل خودێدا، زیارەتکارێکی دیکەی پەرستگەی لالشە و باس لەوە دەکات، "ئەمڕۆ رۆژی ئێمەیە و دەبێ بێینە ئێرە، لێرە جەژن و خۆشیی ئێمەی ئێزدییەکانە. رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچێت و زۆر خۆشە."
نزیکەی 50 هەزار کەس لە کوردانی ئێزدی بەشدارییان لە رێوڕەسمی "جەژنی چوارشەمبا سۆر" کرد کە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئێزدییەکان روویان لە پەرستگەکە کردبوو.
لوقمان سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پەرستگەی لالش دەڵێت، "ئەم جەژنە کۆنترین جەژنی ئێزدییەکانە، بۆیە لە لاش بە ئامادەبوونی میری ئێزدییەکان، بابە شێخ و جڤاتی رۆحانی چرا هەڵدەکرێت و رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچێت."
هێلکە و گوڵی نیسان، دیارترین نیشانەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانن، بۆیە لە رێوڕەسمەکان، ناو ماڵ، پەرستگە و شوێنە گشتییەکان دەبینرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ