بەرپرسی لقی 10ـی پارتی: پارتی هەنگاو و هەڵوێستی دیکەی دەبێت

19-03-2024
ئەحمەد حەمید
د. رێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران
د. رێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی بە رووداوی راگەیاند، پارتی هەنگاو و هەڵوێستی دیکەی دەبێت و خوێندنەوەی بۆ هەموو بڕیارەکانی خۆی کردووە، ئەگەر دوو هەنگاوی دواتری خۆی نەبینێت هەنگاو نانێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."  
 
د. رێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنی رەتنەکردووەتەوە و بڕوای تەواومان بە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ناکرێت دادگەی بەناو فیدراڵی خۆی بخاتە جێگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەری و بەبێ گوێدان بە دەستوور بڕیار دەربکات."
 
بەرپرسی لقی 10ـی پارتی، گوتیشی: "بڕیارەکەی ئێمە هێندە رەچاوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و بەهاکانی حکومڕانی کە لە رێگەی دەستوورەوە بەدیهاتوون و پیرۆزی دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان بپارێزین، هێندە رەچاوی ئەوەمان نەکردووە ئەگەر ئێمە بچینە هەڵبژاردنێکەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ ئێمە چی دەبێت."
 
د. رێبوار بابکەیی باسی لە دادگەی فیدراڵی کرد و رایگەیاند، دادگەکە نە فیدراڵییە و نە دەستوورییە و بڕیارەکانی سیاسین و رەتکردنەوەی بڕیارەکانی پێویستییە، بڕیارەکەی پارتی هەڵقوڵاوی نێو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
 
بڕیارە لە 10ـی حوزەیرانى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت. 
 
د. رێبوار بابکەیی گوتی: "ئێمە دڵنیاین لە هەر دۆخێکدا بچینە هەڵبژاردنەوە کورسییەکانی خۆمان بەدەستدەهێنین و هەر حیزبی یەکەمی هەرێمی کوردستان دەبین و بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش هێزی دووەم دەبین."
 
لەبارەی ترسی پارتی لە هەڵبژاردن، بابکەیی گوتی: "پارتی هیچ ترسێکی لە هەڵبژاردن نییە، تەنیا ترسمان لەو دۆخە هەیە کە دادگەی بە ناو فیدراڵی دروستیکردووە، دەبێت هێزە سیاسییەکانی دیکەش هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و رێگە نەدەن دادگەی بەناو فیدراڵی هەرچی دەسکەوت و مافە لێمان زەوتبکات."
 
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی پارتی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی باسی لەوە کرد: "پارتی خوێندنەوەی بۆ هەموو بڕیارەکانی خۆی کردووە، ئەگەر دوو هەنگاوی دواتری خۆمان نەبینین هەنگاو نانێین، پارتی پەیامی ئەوەیە، کە ئارامگرتن و ئیرادەی ئێمە تاقی نەکەنەوە، چونکە تووشی شۆک و سەرسوڕمانیان دەکەین."
 
هەروەها گوتی: "هەنگاوی دواترمان لەلایەن سەرکردایەتی پارتییەوە رادەگەیەنرێت، بەڵام خوێندنەوەمان بۆ دوو هەنگاوی دواتریشمان کردووە، هیوادارین هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت درک بە بابەتەکە بکەن و پێداچوونەوە بە دادگەی فیدراڵیدا بکەن، پێشتریش داوامانکردووە کە یاسای دادگەی فیدراڵی هەموار بکرێتەوە."
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆكرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە