لە سلێمانی نرخی گۆشتی سوور بۆ 24 هەزار دینار بەرز بووەوە

19-02-2024
ژیڤان بەکر
دووکانێکی فرۆشتنی گۆشت، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دووکانێکی فرۆشتنی گۆشت، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی گۆشتی سوور لە سلێمانی بووە بە 24 هەزار دیناری عێراقی؛ بازرگانێک دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی خەڵک وازی لە ئاژەڵداری هێناوە، ئاژەڵ کەم بووە و نرخی گۆشت زیادی کردووە."

رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روووداو لە سلێمانی گوتی، "ئەمڕۆ بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا، نرخی گۆشتی سوور 1500 دیناری عێراقی لە زیندە قەپان زیاد بووە. هاوکات لە نێو بازاڕەکانی شاری سلێمانیدا، 3000 تاوەکو 4000 دینار زیاد بووە."
 
شوانێک بە پەیامنێری روووداو گوت، "نرخەکان پێشتریش بەرز بوون، بەڵام نرخی ئاژەڵ بە گوێرەی رۆژە، ئاژەڵ هاوردە بکرێت نرخی کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئاژەڵ هاوردە نەکرێت نرخی بەرز دەبێتەوە. نرخی ئاژەڵ 1500 دینار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە زستانە، ئاژەڵ کەمترە و خەڵک بەروبوومی هەیە و جارێ نەیفرۆشتووە. وردە وردە خەڵک بیفرۆشێت، بێگومان نرخ کەم دەکات. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ئاژەڵ لە دەرەوە کەم دەهێنرێتە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە نرخەکە وایە. بەرهەمی ناوخۆیش جارێ نەفرۆشراوە، مانگی سێ خەڵک دەیفرۆشێت."
 
بە گوتەی ئەو شوانە، بۆیە لە بازاڕەکان زیاتر دەخرێتە سەر نرخی گۆشتی سوور، چونکە بەرهەمەکە پێویستی بە گواستنەوە، دانان و پاراستنەوە هەیە. ئەو بابەتانەیش خەرجی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئەگەر لە مەیدانی ئاژەڵان هەزار دینار زیاد بکات، لە دووکانی نێو بازاڕەکاندا سێ بۆ چوار هەزار دینار زیاتری دەخرێتە سەر و حیسابی خەرجییەکانیش دەکرێت؛ گۆشتفرۆشەکان ناچارن هێندەی بخەنە سەر. زۆربەی ئاژەڵانی مەیدان دەرەکین، بەرهەمی ناوخۆ زۆر کەم بووەتەوە، ئەمەیش هۆکارێکی دیکەیە.
 
بازرگانێکی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بە رووداوی گوت، "لە نێوخۆی کوردستان کەس ناتوانێت ئاژەڵ بەخێو بکات. واتا بەرهەمی نێوخۆ زۆر کەمە و هیچمان نییە. نرخی بازاڕەکانی ئێرە ئاژەڵی سووری رایگرتووە، لەوێ بە هەمان شێوە ئاژەڵ نرخی گران بووە. لەم کاتەی ئێستادا، کیلۆی کاوڕ بە 10 هەزار دینارە، لە 80%ـی گۆشتفرۆشەکان زەرەر دەکەن. نەدانی مووچەیش هۆکارێکە بۆ سستبوونی بازاڕ."
 
ئەو بازرگانە لەبارەی ئاژەڵی نێوخۆی باشووری کوردستان روونی کردەوە، "لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ ناهێڵن ئاژەڵ بگوازرێتەوە، لەبەر ئەوەیە حکومەت رێگری دەکات، نایەوێ ئاژەڵ بۆ باشووری عێراق بچێت؛ ئەمەیش بۆ ئەوەی نرخی ئاژەڵ گرانتر نەبێت. هاوکات ئێمە خۆشمان چەند جارێک ئاژەڵمان دابەستووە، بەڵام زەرەرمان کردووە. لە هیچ کاتێکدا ئاژەڵ هێندە ئێستا گران نەبووە. ئەو شارباژێڕە نزیکەی 2000 سەر ئاژەڵی تێدا نییە. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە خەڵک زۆربەی وازی لە ئاژەڵداری هێناوە و بووەتە فەرمانبەری حکومەت، ئاژەڵ کەم بووە و نرخی گۆشت زیادی کردووە."
 
نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی (زیندە قەپان) بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
مەڕ کیلۆی بە 7000 دینارە
کاوڕ کیلۆی بە 10،000 دینارە
نۆبەن (مانگای یەک ساڵان) کیلۆی بە 8000 دینارە
بزن کیلۆی بە 7000 تاوەکو 7500 دینارە
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."